
سەرۆك كۆمار: قبوڵی ناكەین هیچ هێزێكی بیانی بێتە شەنگال
بهروار: 05/04/2018
سەرۆك كۆماری عیراق رایگەیاند پەیوەندییەكانی نێوان بەغداو هەولێرو گەڕاوەتەوە دۆخی ئاسایی خۆیی، دەشڵێت: قوبڵی ناكەین هیچ هێزێكی بیانی شەنگال داگیربكات و بێتە خاكی عیراقەوە.
د.فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری عیراق لەچاوپێكەوتێكیدا لەگەڵ رۆژنامەی (حەیات)ی لەندەنی، كە ئەمڕۆ 4ی نیسانی 2018 بڵاوبۆتەوە، لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان حكومەتی ناوەندی و حكومەتی هەرێم رایگەیاندوە: پەیوەندییەكانی نێوان حكومەتی ناوەندی و حكومەتی هەرێم گەڕاوەتەوە دۆخی ئاسایی و گفتوگۆی هێمن و رانەگەیەنراویش لەنێوانیاندا هەیە، وەفدی هەرێم دەچێتە بەغداو بەهەمان شێوەیەش وەفدی بەغدا دەچێتە هەرێم.
سەرۆك كۆماری عیراق دەشڵێت: بەغداو هەرێم پێویستان بەیەكەو نەك هەرێم دەتوانێت دەستبەرداری حكومەتی ناوەندی بێت، نە حكومەتی ناوەندیش دەتوانێت دەستبەرداری هەرێم ببێت، چونكە هەردووكیان لەدەوڵەتێكدان و بەرژەوەندییەكان پێكەوەی گرێدراون.
د.فوئاد مەعسوم رونیشیكردۆتەوە كە حكومەتی ناوەندی بڕێك پارەی بۆ مووچە فەرمانبەرانی تەندروستی و پەروەردە رەوانەی هەرێم كردوە، ئەوەش هەنگاوێكی زۆر باشە.
لەبەشێكی دیكەی چاوپێكەوتنەكەدا، سەرۆك كۆماری عیراق رایگەیاندوە: دوای كشانەوەی گەیلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لەشەنگال، قبوڵكراو نییە هێزی بیانی بەشێكی خاكی عیراق داگیر بكات، هەروەها ترسی خۆشی نیشانداوە لەدووبارەبوونەوەی سیناریۆتی عەفرین لەشەنگال، دەڵێت: هیوادارین توركیا هەنگاوی لەوشێوەیە نەنێت.
pukmedia