سه‌ره‌کی        په‌یوه‌ندی        ئه‌رشیف        لینک        زانیاری ماڵپه‌ڕ
   
وتاری هه‌ڤاڵ مسته‌فا چاوڕه‌ش - یادی چله‌ی شه‌هیدانی لیوای یه‌كی پاراستنی سلێمانی
دۆسیه‌ ‌
   كوردستان له‌ كوێ ده‌چێت
به‌روار: 07/02/2018


له‌دوای یه‌كگرتنه‌وه‌ی ئیداره‌وه‌، پارێزگای سلێمانی و سنوری سه‌وز و نیلی ته‌واو پشتگوێخراوه‌. له‌به‌رامبه‌ردا هه‌ولێر و سنوری زه‌رد گرنگیه‌كی تایبه‌تی پێدراوه‌ له‌ هه‌مو ڕویه‌كه‌وه‌. ئێستا هه‌ولێر هه‌ر پایته‌ختی سیاسی و حكومڕانی نیه‌، به‌ڵكو پایته‌ختی ئابوری و گه‌شتیاری و وه‌رزشی و ئیعلامی و ڕۆشنبیریشه‌، چونكه‌ پاره‌یه‌كی زۆر بۆ‌ هه‌ولێر و سنوری زه‌رد خه‌رجكراوه‌ له‌ سه‌رجه‌م بواره‌كاندا، له‌سه‌ر حسابی پارێزگاكانی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ و ئیداره‌كانی گه‌رمیان و ڕاپه‌ڕین. سه‌ره‌نجام سنوری هه‌ولێر بۆته‌ پایته‌خت و سه‌نته‌ر له‌ هه‌مو بواره‌كاندا، و له‌به‌رامبه‌ردا ئه‌م سنوره‌ش بۆته‌ ناوچه‌یه‌كی هه‌ژارنشین و پشتگوێخراو.

ئه‌مه‌ش سیمای وڵاته‌ هه‌ره‌ مه‌ركه‌زیه‌ دواكه‌وتوه‌كانی به‌خشیوه‌ به‌ هه‌رێمی كوردستان و وایكردوه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان له‌جیاتی ئه‌وه‌ی له‌وڵاتێكی فیدرالی و لامه‌ركه‌زی پێشكه‌وتو بچێت هاوشێوی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا و ئه‌ڵمانیا و سویسرا و ئیمارات، سیسته‌می‌ سیاسی و ئابوری‌ هه‌رێمی كوردستان زیاتر نزیكه‌ له‌‌ یه‌كێتی سۆڤیه‌تی جاران و وڵاته‌كانی ئه‌وروپای ڕۆژهه‌ڵاتی سه‌رده‌می شوعیه‌ت و هه‌ندێك له‌وڵاته‌ عه‌ره‌بیه‌كان كه‌ سه‌ر به‌سۆڤیه‌تی جاران بون وه‌ك سوریا و لیبیا، كه‌ جگه‌ له‌ شكستی یه‌كبه‌دواییه‌كی سیاسی و ئابوری و داڕوخانی ژێرخانی كۆمه‌ڵایه‌تی زیاتر هیچیان لێسه‌وزنه‌بوه‌.

په‌یڕه‌و كردنی سیسته‌می مه‌ركه‌زی ئه‌گه‌ر بۆ سوریا و لیبیا جارێك عه‌یبه‌ بێت، ئه‌وه‌ بۆ ئێمه‌ی كورد دوجار عه‌یبه‌یه‌. یه‌كه‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌رۆكه‌كانی سوریا و لیبیا به‌ كوده‌تای سه‌ربازی ده‌سه‌ڵاتیان گرتۆته‌ده‌ست،‌ به‌پشتیوانی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت دژی ئیستیعماری ئه‌و كاته‌. پاش سه‌رگرتنی كوده‌تاش یه‌كێتی سۆڤیه‌ت به‌رده‌وام هاوكاری سوریا و لیبیای‌ كردوه‌ له‌ڕوی سیاسی و سه‌ربازی و ئابوریه‌وه‌، بۆیه‌ سه‌ركرده‌ی ئه‌و شۆڕشانه‌ش كه‌ بون به‌سه‌رۆك ده‌وڵه‌ت، ناچاربون په‌یڕه‌ی سیسته‌می سۆڤیه‌تی بكه‌ن، بۆ به‌ده‌ستهێنانی ڕه‌زامه‌ندی سۆڤیه‌ت و نه‌پچڕانی هاوكاریه‌كانی بۆیان.

دوای ڕوخانی سۆڤیه‌تیش، ئه‌م سیسته‌مانه‌ له‌سه‌ر ڕێچكه‌ی پێشویان به‌رده‌وامبون نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سیسته‌مه‌كه‌ زۆر سه‌ركه‌وتوبوه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر سه‌ركه‌وتو بوایه‌ سۆڤیه‌ت نه‌ئه‌ڕوخا، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سیسته‌می مه‌ركه‌زی‌ له‌ڕوی سیاسی و ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ زۆرترین هێز له‌ كۆمه‌ڵگه‌ و تاك ئه‌سه‌نێته‌وه‌ و ئه‌یدات به‌سه‌رۆك و داروده‌سته‌كه‌ی. سه‌ره‌نجام هه‌رچی هێزه‌ له‌ ده‌ستی نوخبه‌یه‌كی زۆر بچوكدا كۆئه‌بێته‌وه‌ كه‌ خزموكه‌سی سه‌رۆكن یان وه‌لائی ڕه‌هایان بۆی هه‌یه‌ و له‌ پایته‌خته‌وه‌ چۆنیان بوێت ئاوا حكومڕانی ئه‌كه‌ن بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ڕای هاوڵاتیانی ناوچه‌كانی تر.

به‌ڵام ئێمه‌ی كورد به‌كوده‌تای سه‌ربازی ئه‌م سیسته‌مه‌مان دروست نه‌كردوه‌، به‌ڵكو له‌ئه‌نجامی ڕاپه‌ڕینێكی جه‌ماوه‌ریه‌وه‌ بوه‌ كه‌ زۆربه‌ی میله‌ت تیایدا به‌شداربوه‌؛ واته‌ موڵكی یه‌ك حیزب و دوحیزبی كوده‌تاچی سه‌ر به‌ سۆڤیه‌ت نیه‌‌، تا ئێمه‌ ناچاربین په‌یڕه‌وی سیسته‌می مه‌ركه‌زی سۆڤیه‌تی بكه‌ین. بۆیه‌‌ ئه‌گه‌ر سوریا و لیبیا بیانویه‌كیان هه‌بوبێت بۆ په‌یڕه‌وكردنی سیسته‌می مه‌ركه‌زی سۆڤیه‌تی، ئه‌وا‌ ئێمه‌ ئه‌و بیانوه‌شمان‌ نیه‌.

دوهه‌مینی، حافز ئه‌سه‌د و موعه‌مه‌ر قه‌زافی له‌ كۆتایی شه‌سته‌كان و سه‌ره‌تای حه‌فتاكاندا ده‌سه‌ڵاتیان گرته‌ده‌ست، كه‌ یه‌كێتی سۆڤیه‌ت له‌وپه‌ڕی پێشكه‌وتنیدا بو، بۆیه‌ لێیانناگیرێت ئه‌گه‌ر سه‌رسامبوبێتن به‌ ئه‌زمونه‌كه‌ی و ویستبێتیان چاوی لێبكه‌ن و پێیان وابوبێت كه‌ سیسته‌مێكی باشه‌ بۆ ڕزگاربون له‌ده‌ستی ئیستیعمار و بنیاتنانی ده‌وڵه‌ت و پێشخستنی ئابوری. به‌ڵام ئێمه‌ی كورد له‌هه‌رێمی كوردستاندا ساڵی ١٩٩١ ڕاپه‌ڕینمان كرد، هه‌مان ساڵبو كه‌ یه‌كێتی سۆڤیه‌ت هه‌ڵوه‌شایه‌وه و داڕوخا‌. وه‌ چه‌ندین ساڵبو ئاشكرابوبو بۆ گه‌لانی جیهان، كه‌ سۆڤیه‌ت و ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی كه‌له‌مه‌ودای ئه‌ودا ئه‌خولێنه‌وه‌و په‌یڕه‌وی سیسته‌مه‌كه‌ی ئه‌كه‌ن له‌ڕوی سیاسیه‌وه‌ دیكتاتۆری و له‌ڕوی ئابوریه‌وه‌ هه‌ژار و شكستخواردون. كه‌واته‌ ئه‌بێت چی حیكمه‌تێك له‌وه‌دا بێت كه‌ئێمه‌ چاو له‌وڵاته‌ مه‌ركه‌زیه‌ دواكه‌وتوه‌كان بكه‌ین. له‌ كاتێكدا كورد‌ له‌ لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ زیاتر هاوكاری كراوه‌، كه‌سیسته‌مێكی لامه‌ركه‌زی و فیدرالی هه‌یه‌، كه‌واته‌ بۆ ئه‌بێت ئێمه‌ چاو له‌دژه‌كه‌ی بكه‌ین كه‌ یه‌كێتی سۆڤیه‌ته‌.

له‌وه‌ش سه‌یرتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ میله‌تی ئێمه‌ ڕاپه‌ڕینی به‌سه‌ر حیزبی به‌عسدا كردوه‌ كه‌‌ په‌یڕه‌وی سیسته‌می مه‌ركه‌زی سۆڤیه‌تی كردوه‌، به‌ڵام ئێمه‌ هه‌مان سیسته‌می مه‌ركه‌زی دوژمنه‌كانمان دوباره‌ په‌یڕه‌وكردۆته‌وه‌‌، چونكه‌ نه‌مانتوانیوه‌ گۆڕانكاری له عه‌قلیه‌ت و‌ كه‌لتوری سیاسی و حكومڕانیماندا بكه‌ین.‌ له‌داهاتوشدا ئه‌گه‌ر په‌یڕه‌وی سیسته‌می لامه‌ركه‌زی و كانتۆنه‌كان نه‌كه‌ین، ئه‌وا ئه‌سته‌مه‌ هیچ چاكسازی و ڕیفۆرمێكی سیاسی و ئابوری كاریگه‌ر سه‌ربگرێت له‌هه‌رێمی كوردستاندا.


زیاتر ...‌
په‌ڕه‌یله‌ 20
ژماره‌ی بابه‌ت