سه‌ره‌کی        په‌یوه‌ندی        ئه‌رشیف        لینک        زانیاری ماڵپه‌ڕ
   
وتاری هه‌ڤاڵ مسته‌فا چاوڕه‌ش - یادی چله‌ی شه‌هیدانی لیوای یه‌كی پاراستنی سلێمانی
له‌میدیاکانه‌وه‌ ‌
  ئه‌و شه‌وه‌ چۆن به‌فر گڕی‌ گرت؟
به‌روار: 27/01/2018

Star Amin
خه‌بات تێكۆشانی چه‌كداری له‌ رۆژه‌ سه‌خته‌كانی شۆرشی نۆێی گه‌له‌كه‌مان به‌رابه‌رایه‌تی یه‌كیتی نیشتمانی كوردستان، مێژوێكی گه‌ش و پڕ له‌ سه‌روه‌ریی له‌ لاپه‌ره‌كانی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌كه‌مان تۆماركردووه‌، كه‌ تاكو ئێستاش داستان و نه‌به‌ردییه‌كان وه‌كو چیرۆك و ئه‌فسانه‌ بۆ نه‌وه‌ی داهاتوومان ده‌گێردرێته‌وه‌.
له‌و گه‌شته‌مان به‌ ناو توله‌ رێیه‌كانی كوردایه‌تیدا، له‌گه‌ڵ یه‌كێك له‌و فه‌رمانده‌ جه‌ربه‌زه‌و خۆنه‌ویستانه‌ی ئه‌وێ رۆژێدا ده‌دوێن تا بمانباته‌وه‌ ئه‌و رۆژگاره‌ی‌ كه‌ به‌فر گڕی‌ ده‌گرت، له‌م گه‌شته‌ پڕ دوین و یادگار ئامێزه‌دا، هه‌ڤاڵ‌ بورهان سه‌عید سۆفی‌، یه‌كێك له‌ قره‌مانه‌ به‌شداره‌كانی‌ نه‌به‌ردیی و داستانی‌ گرتنی‌ سه‌ری‌ ره‌ش، تیشك ده‌خاته‌ سه‌رداستانه‌ كه‌م وێنه‌كه‌ی‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌سنووری هه‌ردوو مه‌ڵبه‌ندی سێ و چواری هه‌ولێر، كه‌ ئه‌ویش داستانی سه‌ری ره‌شه‌.
بورهان سه‌عید سۆفی‌، له‌ گێڕانه‌وه‌كه‌یدا به‌ باسكردنی‌ كه‌شی‌ ساردی‌ ئه‌و رۆژگاره‌ ده‌ست پێده‌كات و ده‌ڵێ‌: شه‌وێكی زۆر ساردو زریان بوو، به‌فر هه‌موو رێگاكانی گرتبوو، ته‌نیا رێگای پێشمه‌رگه‌ نه‌بێ، له‌ هه‌موو رۆژه‌ سه‌خته‌كان به‌و هه‌موو ساردی و سه‌هۆڵبه‌ندانه‌ هه‌میشه‌ ڕێگای‌ تێكۆشان و خه‌باتی‌ پێشمه‌رگه‌ هیچ به‌ربه‌ستێك نه‌یده‌توانی‌ دایبخات و هه‌رده‌م ئاواڵابوو.
ده‌بێ ئه‌وانه‌ی له‌ چیرۆكه‌ ئه‌فسانییه‌كان شاره‌زان بتوانن له‌ناو رۆمانه‌كانیان جێگا بۆ سه‌ختی ئه‌م شه‌وه‌ بكه‌نه‌وه‌ ، مۆسیقا ژه‌نه‌كانیش ده‌توانن پێناسه‌ی ئه‌و ده‌نگه‌ بكه‌ن و نۆته‌ له‌ سه‌ر ژێی ئامێری مۆسیقاكانیان دابنێین و له‌گه‌ڵ ئه‌م رۆژه‌ سه‌خت و سارده‌ به‌سه‌ر به‌فرو به‌ژێر پێڵاوه‌ لاستیكه‌كان له‌ژێر نه‌عره‌ته‌ی‌ هه‌ڵمه‌ته‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ چۆن سه‌نگه‌ره‌كانی دیكتاتۆریه‌ت یه‌كه‌ یه‌كه‌ هه‌ره‌سیان ده‌هێنا له‌ سنووری حاجی ئۆمه‌رانه‌وه‌، تاوه‌كو ده‌شتی هه‌ولێرو بناری قه‌ره‌چۆغ.
ئه‌و رۆژه‌ی‌ هه‌ڤاڵ‌ بورهانی‌ به‌سه‌رهات و شانازییه‌ گه‌وره‌كه‌ی‌ ده‌گێڕێته‌وه‌ به‌رواری 28/1/ 1988-ه‌ كه‌ له‌ داستانێكی بێ وێنه‌ له‌ شارۆچه‌كه‌ی سه‌ری‌ ره‌ش، هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، پێشمه‌رگه‌كانی یه‌كیتی له‌سنووری مه‌َلبه‌ندی سێی هه‌ولێر توانیان وانه‌یه‌كی‌ تری‌ نه‌به‌زین و بێ‌ هیوا نه‌بوونی‌ كورد له‌ كوردایه‌تی‌ بده‌نه‌ دوژمن، به‌ جۆرێك كه‌ دوژمن هه‌رگیز له‌بیری نه‌كات. ئه‌و داستانه‌ش بیرۆكه‌و پلان داریژه‌ره‌كه‌ی هه‌ڤال كاك كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی‌ بوو، كه‌ ئه‌و كاته‌ به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی هه‌ولێر بوو، له‌ سماقوڵ شه‌هید سابیر ره‌سول، لێپرسراوی سه‌ربازی بوو، له‌گه‌ڵ‌ رائید جه‌لال، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م ناوچه‌یه‌ تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه‌ له‌ رووی جوگرافیاوه‌ جوگرافیایه‌كی سه‌خت‌و دژواری هه‌یه‌، بۆیه‌ رۆژێكی ساردو به‌فرو زریانیان هه‌ڵبژارد، له‌لایه‌كی تریش په‌یوه‌ندی به‌ هه‌ندێك چه‌كداری رژێم كرا كه‌ له‌ به‌ ئاگاداری‌ شۆڕش چه‌كی رژێمیان هه‌ڵگرتبوو، بۆئه‌وه‌ی ئاسانكاریمان بۆ بكه‌ن له‌وانه‌ نامق بیرێژی یه‌كێك بوو له‌و چه‌كدارانه‌ی پارێزگاریان له‌ سه‌ری ره‌ش ده‌كرد. له‌ گه‌ڵ‌ چه‌ند فه‌وجێكی مه‌ غاویر كه‌ له‌ سه‌ری ره‌ش بوون، ئه‌وه‌بوو به‌ر له‌ چه‌ند رۆژێك كه‌ چالاكیه‌كه‌ ده‌ست پێبكات له‌ رێگای شه‌هید نامق هه‌ندێك له‌ هه‌ڤاڵانی ئێمه‌ داخلی ناو سه‌ری ره‌ش بوون. له‌دوایی گه‌ڕانه‌وه‌ له‌ رێگای شه‌هید نامق ئه‌و مه‌فره‌زه‌یه‌ش پێك هاتبوو له‌هه‌ڤاڵ كه‌ریمه‌ ره‌ش و شه‌هید میكایل و شه‌هیدی فه‌رمانده‌ هاشم شه‌مامكی، شه‌هید سۆران و ئاوات و ئارام چاوشین بوو. دوای گه‌رانه‌وه‌یان بۆ گوندی بێرۆكان كه‌ ئه‌و كاته‌ ماڵی ئێمه‌ له‌و گونده‌ بوو، كه‌ كه‌وتبووه‌ ته‌نیشت ناودۆراكان و زیاره‌ت ئه‌م پێشمه‌رگانه‌ دوای ئه‌وه‌ پشووی باشمان داو نانێكی باشیشمان خوارد. ئینجا كۆبوونه‌وه‌ی هه‌موو فه‌رمانده‌كان له‌وێ ده‌ستی پێكرد و هێزه‌كه‌ به‌مشێوه‌یه‌ دابه‌ش كرا: تیپه‌كه‌ی ئێمه‌ كرا به‌دووبه‌شه‌وه‌، كه‌ ئه‌و كاته‌ شه‌هیدی‌ فه‌رمانده‌ ته‌حسین كاوانی سه‌رتیپی 85ی‌ به‌رانه‌تی بوو، شه‌هید مه‌لا سلێمان، جێگری سه‌رتیپی 86ی‌ ده‌شتی هه‌ولێربوو، ئه‌وه‌بوو ره‌بتكرا له‌گه‌ل دوو كه‌رتی تیپی 85ی‌ به‌رانه‌تی. ئێمه‌ش دوو كه‌رت كه‌ یه‌كیان من بووم فه‌رمانده‌ی كه‌رتی سێی تیپی 85ی به‌رانه‌تی‌و شه‌هید میكایلیش فه‌رمانده‌ی كه‌رتی یه‌ك بوو، كه‌ریمه‌ ره‌شیش فه‌رمانده‌ی كه‌رتی سێی تیپی 87ی‌ قه‌ره‌چوغ بوو، ئه‌ویش له‌ گه‌ڵ‌ ئه‌و هێزه‌ی ئێمه‌ بوو، ئه‌و هێزه‌ی ئێمه‌ كه‌ ده‌ستنیشان كرابوو بۆ قه‌سری مه‌لیك له‌ سه‌ری ره‌ش سریه‌یه‌كی مغاویری لێبوو، ده‌وربه‌ره‌كه‌یشی به‌ چه‌كداره‌كانی كورد، واته‌ به‌ جاش ده‌ور درابوو، شوێنه‌ ستراتیجیه‌كانیشی سوپای تێدابوو.
وا ده‌ستنیشان كرابوو شه‌هید رێباز ‌و سه‌فینی مه‌لاقه‌ره‌‌و مام غه‌فور هه‌ریه‌كه‌ و له‌ شوێنێك هێزه‌كه‌ی جێگیر بكا. هێزه‌كه‌ هه‌مووی دابه‌شكرا، له‌هه‌مان كاتیش هێزێك بۆ پشگیری لۆجیستكی دانرا، كه‌ ئه‌و كاته‌ رێكخراو هه‌بوو، ئه‌و ئه‌ركه‌ به‌ رێكخراو سپێردرا، كه‌ شه‌هید شاخه‌وان و شه‌هید به‌هرۆز قه‌شقه‌یی و عه‌بدوڵلا تۆفیق و به‌كره‌ سوور ئه‌وانه‌ هه‌رهه‌مووی ئاماده‌ كرابوون بۆ ئه‌وه‌ی یارمه‌تی هێزه‌كه‌ بده‌ن. به‌ تایبه‌ت بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ی‌ ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی له‌شه‌ره‌كه‌ به‌ده‌ست ده‌هێنرێن بتوانرێ به‌ئاسانی بگوازرێته‌وه‌، پاش ئه‌و ئاماده‌كارییانه‌ سه‌عاتی سفر دیاری كرا، كه‌ له‌ 12 شه‌وه‌وه‌ بوو. ئه‌وه‌ هێزه‌ی ئێمه‌ كه‌ هاتین له‌ لای بیرێژیه‌وه‌ سه‌ركه‌وتین یه‌كه‌م جار كه‌چووینه‌ ناو ره‌بایه‌یه‌ك ئارام چاوشین له‌وێ بوو ووتم ئارام پێشمان كه‌وه‌ چونكه‌ به‌راستی زریانێكی وابوو نه‌تده‌زانی تۆ له‌ كوێی، ئه‌وه‌بوو كاك ئارام پێشمان كه‌وت. من و ئاسۆ ئه‌ڵمانی‌و كه‌ریمه‌ ره‌ش و شه‌هید میكایل جاده‌و جاده‌ هاتین به‌ئاراسته‌ی‌ پیرمام بۆ سه‌ری ره‌ش. ئه‌وه‌بوو شه‌هید نامق تا نزیكی ئه‌و خاله‌ی بۆ ئێمه‌ دانرابوو له‌ گه‌ڵمان هات‌و دواتر گه‌رایه‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌بوایه‌ له‌ گه‌ڵ‌ هێزێكی تریش بروات. به‌ر له‌وه‌ی بگه‌ینه‌ شوێنی مه‌به‌ست ئۆتۆمبیلێك هات ره‌ماشی بۆ لێ داین، ئێمه‌ له‌ قه‌راغ رێگاكه‌ خۆمان حه‌شاردا و زریانیش بوو له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئێمه‌یان نه‌بینی‌. گه‌یشتینه‌ خاڵی مه‌به‌ستی خۆمان، كه‌ سریه‌یه‌كی مغاویری تێدابوو، ئه‌و شه‌وه‌ كه‌ 28 ی مانگ بوو فه‌رمانده‌ی‌ سریه‌كه‌ چووبوو بۆ هه‌ولێر بۆ ئه‌وه‌ی‌ مووچه‌ بهێنێت. ئه‌وه‌بوو نه‌كه‌وته‌ ده‌ستمان، ئه‌گه‌ر شه‌وێك خۆمان دواخستبایه‌ هه‌رهه‌موو پاره‌كه‌ش ده‌بووه‌ ده‌ستكه‌وتی‌ شۆڕش و چالاكییه‌كه‌مان. ئێمه‌ به‌ره‌و قه‌سری مه‌لیك فه‌یسه‌ل له‌ سه‌ری ره‌ش به‌رێ كه‌وتین، ئه‌و هێزه‌ی تری ئێمه‌و به‌شێك له‌ پێشمه‌رگه‌كانی قه‌ره‌چوغ ئه‌و دوو ره‌بایه‌ی سه‌ری قیرژه‌ هه‌ر هه‌موو خاڵه‌كانی تر له‌ماوه‌یه‌كی زۆر كه‌م ئازاد كران‌و كه‌وتنه‌ به‌ر ده‌ستی پێشمه‌رگه‌. هێزێكی زۆر له‌ مه‌سیفه‌وه‌ هات له‌ هه‌ولێریشه‌وه‌ بۆ مه‌سیف هاتن، به‌ڵام هه‌ر هه‌موویان كه‌وتنه‌ بۆسه‌كانی‌ هێزی پێشمه‌رگه‌‌و تێكشكینران.
بورهان سه‌عید سۆفی له‌ درێژه‌ی‌ گێڕانه‌وه‌ی‌ ئه‌و داستان‌و نه‌به‌ردییه‌دا كه‌ چۆن پێشمه‌رگه‌كانی‌ یه‌كێتی‌ له‌ رۆژگاری‌ ئه‌وپه‌ڕی‌ نائومێدی‌ كورد و سه‌مه‌ست بوونی‌ رژێمه‌كه‌ی‌ سه‌دام حسێن به‌ سه‌ركه‌وتنه‌كانی‌، سه‌ری ره‌ش ده‌كه‌نه‌ مه‌یدانی گیانبازی پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانی یه‌كیتی نیشتمانی كوردستان‌و ده‌ڵێ : بۆ گرتنی قه‌سره‌كه‌ی مه‌لیك پێشتر شه‌هید نامق نه‌خشه‌كه‌ی بۆ ئێمه‌ كێشابوو، واتا به‌ وردی‌ جۆری‌ كۆشكه‌كه‌ و هه‌موو دامه‌زراوه‌و خاڵه‌كانی له‌سه‌ر نه‌خشه‌كه‌ دیاریكرابوو، كه‌ چوار خاڵی لێبوو به‌ دیووی گڕاو و هه‌ڵدێربوو به‌رامبه‌ره‌كه‌یشی هێزێكی بۆ دانرابوو كه‌دێت لێی بدرێت، له‌و لاشه‌وه‌ هه‌ر هه‌موو لوغم رێژ كرابوو ده‌بابه‌یه‌ك‌و تانكێكی نه‌فه‌ر هه‌ڵگری لیبوو. كه‌ كه‌متر له‌سه‌د مه‌تر له‌ قه‌سره‌كه‌ نزیك بوون. كه‌ گه‌یشتین له‌ به‌ر زریان‌و ته‌م‌و مژ زۆر به‌ خراپی ده‌مان بینی زۆر نزیك بووینه‌وه‌ ئینجا زانیمان كه‌ ئه‌وه‌ ده‌بابه‌كه‌یه‌ بۆیه‌ دامه‌زراین ئێمه‌ به‌ ئاراسته‌یه‌ك كاك كه‌ریمه‌ ره‌شیش به‌ ئاراسته‌یه‌ك ئه‌وبوو خاڵی یه‌كه‌ممان به‌بێ ته‌قه‌ ده‌ست به‌سه‌ر داگرت‌و چووینه‌ ناوی ‌و له‌و خاڵه‌ی به‌رامبه‌رمان یه‌كێك له‌ عه‌سكه‌ره‌كان هه‌ستی پێكردو هه‌ڵات و كه‌وته‌ به‌رده‌ممان و له‌ وێوه‌ ته‌قه‌ ده‌ستی پێكرد، ته‌نانه‌ت له‌ هه‌ندێك شوێن له‌گه‌ڵ هێزه‌كه‌ی‌ دووژمن به‌ دووری دوو مه‌تر سێ مه‌تر لێك نزیك بووین. به‌ماوه‌یه‌كی زۆر كورت ده‌ستمان به‌سه‌ر قه‌سری‌ مه‌لیك داگرت.
هه‌ر له‌درێژه‌ی بیره‌وه‌رییه‌كانی كاك بورهان ده‌لێ : له‌ كاتانه‌ی ئێمه‌ ده‌ستمان به‌سه‌ر قه‌سر داگرت كاك كۆسره‌ت به‌ بێ‌ ته‌ل په‌یوه‌ندی به‌ من و كه‌ریمه‌ ره‌شه‌وه‌ كرد‌و وتی: ئه‌و دوو ره‌بایه‌ی سه‌ری قیرژه‌ ئاڵۆزی بۆ دروست كردین و رێگا ناده‌ن سه‌ركه‌وین، ئێوه‌ له‌ دواوه‌ وه‌رن، منیش ووتم: كاك كۆسره‌ت من ئێستا نازانم روومان له‌ كوێ یه‌ ئێوه‌ش له‌ كوێن. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زریان و ته‌مه‌‌و بینین زۆر زه‌حمه‌ت ببوو كاك كۆسره‌تیش ووتی: تۆ به‌ ئاره‌سته‌ی سماقووڵی‌ هه‌ر به‌م ئاراسته‌یه‌ وه‌ره‌ پێش له‌ گه‌ڵ كه‌ریمه‌ ره‌ش، ئه‌وه‌ بوو ئێمه‌ تۆزێك چووینه‌ پێش هێشا له‌ناو هه‌ندیك شوێن ته‌قه‌مابوو له‌ناو قولغه‌و زاویه‌كان، له‌ناو ره‌بایه‌كان شه‌ش چه‌كدار به‌ ئاراسته‌ی ئێمه‌ هاتن نه‌یانده‌زانی ئێمه‌ پێشمه‌رگه‌ین، بۆ چه‌ك هاتبوون فیشه‌كیان نه‌مابوو گوایه‌ ئێمه‌ش وه‌كو ئه‌وان جاشین، به‌ڵام هه‌ركه‌ زانیان پێشمه‌رگه‌ین تووشی شۆك بوون ئه‌وه‌بوو چه‌كمان كردن‌و ئازادمان كردن. بورهانی سه‌عید سۆفی، هه‌ر له‌و گێرانه‌وه‌یه‌دا ئاماژه‌ به‌ژماره‌ی شه‌هیده‌كان و زه‌ره‌رو زیانی دوژمن و ده‌سكه‌وته‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ ده‌كا و ده‌ڵێ : پاش ئه‌وه‌ی كۆنتۆلی سه‌ربازگاكه‌و سه‌ری ره‌شمان كرد ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ سه‌ربازو ئه‌فسه‌رمان به‌دیل گرت،چوار ئه‌فسه‌ر له‌ به‌ر ده‌ستی ئێمه‌ بوو، هه‌رچی تانك و زرێپۆش هه‌بوو له‌ سه‌ری ره‌ش هه‌رهه‌مووی كه‌وته‌ به‌ر ده‌ستی هێزی پێشمه‌رگه‌، دیاره‌ زه‌حمه‌تیش بوو له‌ریگای كۆرێ ئه‌م هه‌موو تانكانه‌ ده‌ربازبكرێ، به‌داخه‌وه‌ به‌ هۆی دارمانی شاخێكی گه‌وره‌ له‌ نێوان رێگای گڕاو و سه‌ری ره‌ش ئه‌و رێگایه‌شمان لێگیرا، بۆیه‌ تاكو سه‌عات 7ی به‌یانی چاوه‌ڕوانمان كرد بۆ ئه‌وه‌ی رێگایه‌ك بدۆزینه‌وه‌ بۆ ده‌رباز كردنی تانك و زرێپۆشه‌كان، به‌ڵام هه‌ر نه‌مانتوانی ده‌ربازیان بكه‌ین. ئه‌وه‌بوو كاك كۆسره‌ت فه‌رمانی دا كه‌ به‌ ناچاریی هه‌ر هه‌موو هه‌موو تانك و زرێپۆشه‌كان بسوتێنین‌و به‌ چه‌كی‌ ئاربیجی ته‌قێندرانه‌وه‌ له‌هه‌مان كات 900 چه‌كی كلاشنكۆفمان ده‌ست كه‌وت له‌ گه‌ل چه‌ندین هاوه‌نی 120ملم و ئاربیجی و تادوایی، ئه‌وانه‌مان به‌ ووڵاغ گواسته‌وه‌ بۆ ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی هێزی پێشمه‌رگه‌. له‌م داستانه‌دا 13 شه‌هیدمان هه‌بوو له‌وانه‌ ته‌نیا 7 شه‌هید به‌ گولله‌ بوو ئه‌وانی تریان له‌ به‌فر ره‌قبوونه‌وه‌و شه‌هیدبوون. زیانی گیانی دوژمن زیاتر له‌ 200 كوژراو بوو 70 كه‌سیان لێ به‌دیلگیرا له‌ سه‌ربازو ئه‌فسه‌ر.
ده‌رباره‌ی‌ ده‌نگدانه‌وه‌ی‌ ئه‌و داستانه‌ی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ بورهان سه‌عید سۆفی‌ ئاماژه‌ به‌ گه‌وره‌یی و ناوبانگیی ئه‌م داستانه‌ ده‌دا و ده‌ڵێ : ئه‌م داستانه‌ به‌ جۆرێك ده‌نگی‌ دایه‌وه‌ له‌ رادیۆكانی ده‌نگی ئه‌مریكاو مۆنتیكارلۆر و له‌نده‌ن ئاماژه‌ی پێدرا و جارێكی‌ تر بووه‌ ده‌رفه‌تێك بۆ ئه‌وه‌ی‌ جیهان بزانێت كه‌ شۆڕشی‌ كوردان كۆتایی‌ نه‌هاتووه‌ و ئه‌و سه‌ركه‌وتنانه‌ی‌ رژێمه‌كه‌ی‌ سه‌دام ئیدیعای‌ ده‌كات راست نییه‌ و هێشتا كورد له‌ عیراقدا بۆ مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی‌ تێده‌كۆشێت. ناوبانگی هێزی یه‌كێتیش له‌ بڵندگۆی ئه‌م رادیۆیانه‌وه‌ جارێكی‌ تریش به‌ جیهاندا بڵابوویه‌وه‌ بۆهه‌موو دونیا.
له‌ باسكردنی‌ په‌رچه‌ كرداری‌ رژێمی‌ به‌عسیش له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و داستانه‌ مه‌زنه‌, بورهان سه‌عید سۆفی‌ ده‌ڵێ: هێزه‌كانی یه‌كێتی نیشتمانی ئاماده‌ سازیان كردبوو بۆ هه‌ر په‌رچه‌ كردارێكی‌ به‌عس، جگه‌ له‌وه‌ش سوپای رژێمه‌كه‌ی‌ سه‌دام ئه‌زمونێكی‌ تاڵی‌ هه‌بوو له‌و ناوچه‌یه‌ له‌گه‌ڵ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ یه‌كێتی‌ و له‌م ناوچه‌یه‌ زۆرجار خۆی تاقیكردبۆوه‌ وه‌كو شه‌ڕه‌كانی‌ سماقوڵی بنه‌باوی‌و زۆری تر، به‌ڵام نه‌یتوانیبوو ته‌نیا یه‌ك مه‌تریش له‌و شوێنانه‌ی ژێرده‌سه‌ڵاتی هێزی پێشمه‌رگه‌ داگیر بكات ، بۆیه‌ ئێمه‌ش ئاماده‌سازیمان ته‌واوی وه‌رگرتبوو، ئه‌گه‌ر ئه‌وان هه‌ر جوڵه‌یه‌ك بكه‌ن ئێمه‌ زۆر تووندتر كاریگه‌رتر په‌لاماری هێزه‌كانیان بده‌ین هه‌روه‌ها له‌رووی راگه‌یاندنه‌وه‌ شه‌هید دڵشادی‌ وێنه‌گر رۆڵێكی‌ زۆر باڵای هه‌بووكه‌ له‌و كاته‌دا كامیره‌یه‌كی ڤیدیۆی پێبوو، هه‌مووداستانه‌كه‌ی‌ تۆمار كردو كاسێته‌كه‌ی ئێستا لای كاك عباسی ڤیدیۆیه‌، هیوادارم ئه‌گه‌ر لای مابێت بتوانن سوودی لێوه‌ربگرن، چونكه‌ به‌راستی دۆكیۆمینتێكی زۆر تایبه‌ت و پڕ شانازییه‌ بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و پێشمه‌رگه‌كانی یه‌كیتی به‌تایبه‌تی، هه‌روه‌ك ده‌ڵێ‌: هیوادارم ئه‌و فیلم‌و ڤیدیۆیانه‌ی هه‌ن كه‌ داستانه‌ گه‌وره‌كانی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ كوردستانیان له‌ قۆناغی‌ خه‌باتی‌ شاخ دا تێدا تۆمار كراوه‌ كۆبكرێنه‌وه‌ و فیلمی به‌ڵگه‌نامه‌ییان لێ‌ دروست بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وه‌كانی ‌و داهاتوو به‌و شانازییه‌ گه‌ورانه‌ ئاشنا بكرێن‌و بزانن یه‌كیتی نیشتمانی كوردستان چۆن پارێزگاری له‌ بوونی كورد و ناوچه‌كه‌ و مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان كردووه‌.