سه‌ره‌کی        په‌یوه‌ندی        ئه‌رشیف        لینک        زانیاری ماڵپه‌ڕ
   
وتاری هه‌ڤاڵ مسته‌فا چاوڕه‌ش - یادی چله‌ی شه‌هیدانی لیوای یه‌كی پاراستنی سلێمانی
راپۆرت ‌
  دابەشبوونی ئێران و ناوچەکە لە نێوان وەهمی ئایدیۆلۆژیی و واقیعی سیاسییدا
به‌روار: 03/01/2018

Kamyar Sabir

دابەشبوونی ئێران و ناوچەکە
لە نێوان وەهمی ئایدیۆلۆژیی و واقیعی سیاسییدا

لەناو کورددا، زۆربەی ئەو رووداوە ستراتیژیی و گرینگانەی دێنە پێشەوە و روودەدەن، ئەوەندەی بە ئیشتیهای سیاسیی، بە حەزی ئایدیۆلۆژیی، بە مۆتیڤی پۆپۆلیستانە، تەنانەت بە موجامەلەی "سیاسیی و فیکریی" و لە رووانگەی بەرژەوەندیی حیزبیی، سیاسیی، طائیفیی، ئایدیۆلۆژیی و شەخصییەوە، هەڵدەسەنگێنرێن، ئەوەندە لە سەر ئەرضی واقیع و لە دیدێکی سیاسیی عەقڵانییەوە، هەڵناسەنگێنرێن. خۆپێشاندانی شارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بێ پێچ و پەنا، نیشانەی توڕەبوون و پیشخواردنەوەیەکی زۆری کۆمەڵانی خەڵكی ئێرانە، بەتایبەتیی چینە هەژار و کەمدەرامەتەکانی ئێران، لە تاو بێکاریی، هەژاریی و بەقەولی خۆیان، فەقروفەلاکەت، هاتوونەتە مەیدان و رووبەڕووی رژێمی ئاخوندیی ئێران دەبنەوە. تا ئێرە رەواویەتییەکی زۆری هەیە و شایانی ئەوەیە، پشتییوانیی بکرێن و ئیدانەی سەرکوتکارییەکانی رژێم بکرێت. لەئاستی نێودەوڵەتیی و ناوخۆی ئێرانیشدا، فشارەکان بۆ سەر ئەم رژێمە زیاتر بکرێن.

رووداوی ئیمام جومعەیەکی ئاخوندی موحافیظکار بۆ ناڕەزایەتیی و خۆپێشاندان دژ بە دەوڵەتی ئێران،زۆر بە پەلە بۆ ناڕەزایەتیی دژ بە دەسەڵات، وەرچەرخا. خۆپێشاندانەکانیش لە ناڕەزایەتیی و بێ ئاسۆیی لە گوزەرانی خەڵکەوە، گۆڕان بۆ دروشمی سیاسیی زۆر فەندەمێنتالیستانە و حەماسی رادیکاڵانەیان وەرگرت و داوای کۆتاییهاتنی ئەم رژێمە دەکەن و مەرگ بۆ سەری یەک بە یەکی ئاخوندەکان و حەوزە دینییەکان، بەرز دەکرێتەوە. لێرەدا دەبێ سیاسییتر، عەقڵانییتر و واقیعییتر لەهەموو کاتێ، سەرنج بدەین و هەڵوێستەکانمان و تێڕامانەکانمان زۆر وردەکارانە لە هاوکێشە سیاسییە ئاڵۆزەکانی ئێران، ناوچەکە و جیهان، بەر رووناکیی بدەین و بزانین چیی دەگوزەرێ؟ گومانی تێدا نییە، ستەم و جەوری سیاسیی، ئابووریی و فەرهەنگیی ئەم رژێمە بۆسەر کۆمەڵگەی ئێرانیی و بگرە بۆ سەر ناوچەکەیش، بێئەندازە کاریگەریی خراپی هەبووە! بەڵام ئایا روخانی جمهوری ئیسلامیی، بەم پەلە پەلە و بەم حەماسە سیاسییەی چەند صەد هەزار کەسێک، یان تەنانەت ئەگەر ببن بە چەند میلیۆن کەسێکیش، ئایا عەمەلیی، واقیعیی و عەقڵانییە؟

بییرکردنەوە لە روخانی جمهوری ئیسلامیی، پێش هەموو شتێ، تەنانەت پێش رەهەندە لۆکاڵییەکەی( ئێران)، دەبێ رەهەندە ئیقلیمیی و جیهانییەکەی، وەربگیرێت. رەهەندە ئیقلیمییەکەی، لە خورافات و ئیشتیهای طائیفیی هەندێ لە وڵاتانی خەلیجی فارس، بە هاندان و پاڵپشتییکردنی گرووپەکانی سەر بە رەوتی سەڵطەنەت طەڵەبان ( شوێنکەوتووانی سیستەمی شاهەنشاهیی) و موجاهیدیینی خەلق کە هەردووکیان دوو بێزراوتریین و پۆغڵەواتتریین گرووپی سیاسیی ئێرانن، خۆی دەبینێتەوە. ئەوە جودا لەوەی کە باڵێک لە موحافیظکارانی جهموری ئیسلامیی، لە مەشهەدەوە لە رێی چەند ئیمام جومعەیەکەوە، بڵێسەی ئەم خۆپێشاندانەیان داگیرساند و ئێستایش خەریکە لەدەستیان دەردەچێت.

هێزە چەپەکانی ئێران بەهەموو جۆرەکانیانەوە، غائیبتریین هێزی سیاسیین لەم خۆپێشاندانانەدا. هەر ئەمەیش باشتریین فاکتی سیاسییە کە خۆخەریککردن بە وەهمی کۆمۆنیزمەوە لە ئێراندا، جۆرێکە لە خواردنی مەوادی موخەدیر و خۆخەریککردنێکی عیرفانییە بە ئەفسانەی ئایدیۆلۆژییەوە. ئەوەی هەیە، هێزی گەنجان و ئەو چین و توێژانەن کە لە ناو بەرداشەکانی گەندەڵیی، برسییەتیی، بێکاریی و هەژارییدا، هاڕدروان. زۆریینەی ئەم هێزە جەماوەرییە گەورەیە، باوەڕیان بەهیچ یەکێ لەو ئۆپۆزیسیۆنە جۆراوجۆرانەی ئێران نییە( بە دێمۆکراتە پرۆکسییەکان و کۆمەڵە وابەستەکانی ئۆردوگانشینەکانی کوردستانی عێراقیشەوە). لەبەرامبەردا، هێزە ئۆپۆزسیۆنە کلاسیکییەکان، بە هەرنرخێ بووە، دەیانەوێ دەستیان لە گوریسێکی ئەم پەتپەتێنە سیاسییە گیر بێت.

وێڕای ئەوەی کۆماری ئیسلامیی، دونیایەک خەراباتی بەسەر ئێرانییەکان و ناوچەکەدا هێناوە، وێڕای ئەو هەموو قاتوقڕییەی ئێران، ئەو هەموو ناعەدالەتییە کۆمەڵایەتییەی ئێران، ئەو هەموو گەندەڵییەی ئاخوندەکانی ئێران و دزیینی دەیان میلیارد دۆلار لە سامانی نیشتمانیی ئێران و خەرجکردنی بۆ پرۆکسییەکانی ئێڕان، سەرەنجامیش وێڕای خرۆشانی دەیان شار و شارۆچکەی ئێران دژ بە دەسەڵاتی سیاسیی، بەڵام هەموو ئەمانە ناکاتە ئەوەی کە جمهوری ئیسلامیی، مانگەکانی کۆتایی تەمەنی خۆی ئەژمارد بکات. هەرچەند هێزی میلیۆنیی خەڵک گەورەتریش بێت، زەخم، عەزم و جەزمی خەڵکی ئێران لە سەردەمی ئینقیلابی( شۆڕش) ١٩٧٩ یش گەورەتر بێت، هێشتا ئەستەمە بییر لەوە بکرێتەوە کە جمهوری ئیسلامیی ئێران، بە ئاسانیی دەڕوخێنرێت!

ئەم رژێمە، داینەمۆیەکی ئایدیۆلۆژیی گەورەیە و هێشتا لای کەم ٢٥% ی خەڵکی ئێران( بەتایبەتیی لە شارە بچووک و لادێکاندا)، ژیانیان بەستووەتەوە بە ژیانی رژێمەوە. زۆریینەی ئەوانەی موستەفیدن، ئامادەن شەڕی مان و نەمان بۆ ئەم رژێمە بکەن. هێزێکی چەند میلیۆنیی لە پاسدارن و بەسیج، لە ئاخوندەکان و لە ئەرتەش کە زۆریینەیان عەقیدەیین، گۆپاڵی دەستی رژێمن، پارە و دەسەڵاتێکی زۆر، بازاڕ و سەرمایەگوزارییەکانی ئێرانیان، لە دەستدایە، هەروا بە ئاسانیی، لە دەسەڵات، ناهێنرێنە خوارەوە. دیارە هیچ دەسەڵاتێک، سەرەنجام لە ژێر شەپۆلی دەستەجەمعیی خەڵکدا، خۆی راناگرێت، بەڵام ئایا ئەم خۆپێشاندانانە، بەو ئاستە لە خوێنڕێژیی دەگات؟ بە باوەڕی من، رژێم بۆ مانەوەی خۆی ئامادەیە یەک میلیۆن خەڵک بکوژێت، بەس ئامادە نییە دەسەڵاتی سیاسیی بەجهێبڵێت!

لە ئاستی ئیقلیمیی و جیهانییشدا، تێکچوونی باڵانسی سیاسیی و عەسکەریی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بۆ زۆر وڵاتی زلهێزی دونیا، بییرکردنەوە لێی، جۆرێکە لە ئەستەمی سیاسیی و ئامادەن باجی ئەوەیش بدەن کە ئەمە روو نەدات. ئەوەی کە زۆر ناعەقلانیی، زۆر نەژادییانە، قەومییانە و طائیفییانە بییر دەکاتەوە، لە خەیاڵدانی پڕ لە خورافاتی خۆیدا، پرگال و قەڵەمێکی بەدەستەوە گرتووە و ئێران، دابەش دەکات بەسەر بەلوجستان، ئازەربایجان، کوردستان و عەرەبستانی ئەحوازدا...، ئەم جۆرە بییرکردنەوانە، جۆرێکە لەو خورافاتەی کە ریفراندۆمە پرۆکسیی و تەکلیفلێکراوەکەی کوردستان، بە ئارەزووی خۆی، عێراقی دابەش دەکرد، سایکس-پێکۆی لە گۆڕ دەنا و نەخشەی چەند وڵاتێکی وەهمییان بە مێنتاڵیتیی و عەقڵییەتی بەتاڵی کوردایەتیی، دەکێشا. پوختەی ئەم وتارە، لەم خاڵانەدا کورت دەکەمەوە:-

1. تەنانەت، جمهوری ئیسلامیی ئێرانیش بڕوخێت، هەر رژێمێکی سیاسیی بێتە سەرکار، ئێران بە جێۆگرافیای سیاسیی ئێستایەوە دەمێنێتەوە، ئەگەر گەورەتریش نەبێت. ئەمە سیاسەتی رەسمیی ئەمێریکا، روسیا و چین و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییشە. پانئێرانیزم لە رەگوڕیشەی ئێرانییەکاندا هەیە و مێژوویەکی سیاسیی و کولتووریی دوورودرێژی هەیە. بۆ کوردەکانی ئێران، زۆر باشترە هەزار جار بیر لە فەشەلی کۆماری کوردستان بکەنەوە، ئەوجا بییر لە هەر هەنگاوێکی بەرچەکردار بکەنەوە کە ئاغاکانی کوردایەتیی، لە هەولێر و لە حیلفی سونییەوە، دەستوریان پێدەدات. سەرکوتکارییەکانی رژێمی جمهوری ئیسلامیی، بە دڵنیاییەوە لە کوردستاندا، زۆر کەمەرشکێن دەبێت ئەگەر بیانەوێ هەر پلانێکی طائیفیی سعودیی و پلانێکی موخابەراتیی لە رێی پارتییەوە، جێکەوت بکەن. ئەگەر بەشداریی خۆپیشاندانەکانی ئێرانیش بکرێ، چەند هێمنانە و جەماوەریی بێت، ئەوەندە بە قازانجی خەڵکی کوردستان دەگەڕێتەوە. لە فەشەل و لە سەرکەوتنی خۆپێشاندانەکانیشدا، بەشدارییکردن لەهەر پلان و پیلانێکی ئیقلیمیی و طائیفیی، بە زەرەری خەڵکی کوردستانی ئێران و عێراقیش، تەواو دەبێت.

2. روسیای ئێستا، روسیای جەبەروتی تەکنەلۆژیای عەسکەرییە و بەدوای گەڕانەوەی هەیبەتەوەیە لە رێگەی عەرضی صاروخە پێشکەوتووەکانی، فڕۆکە جەنگییەکان و جبەخانە ئەتۆمییەکانیەوە. بە عەقڵی کێدا دەچێت، کۆمەڵێ دەسگای موخابەراتیی، برسییەتیی و هەژاریی خەڵکی ئێران بۆ ئەجێنداکانی خۆیان بەکاربهێنن و بە خەیاڵاتی ئایدیۆلۆژیی و طائیفیی، ئێرانێکی هاوسنوور بە روسیاوە، دابەش بکەن و ئاژاوەی طائیفیی و مەذهەبیی، بۆ کۆمارە کۆنەکانی سۆڤێت، تەصدیر بکەن؟ ئێرانی شیعییستان بێت یان پانئێرانیزمی لیبراڵیی، بۆ روسیا زۆر گرینگە ئەم جیۆگرافیا سیاسییە کە ئیستیقرار و باڵانسی سیاسیی ناوچەکەی بۆ صەدان ساڵە راگرتووە، بمێنێتەوە و رێگە نادات، ئێرانی هاوپەیمانی( ئەگەر هاوپەیمانێکی کاتییش بێت) ، هەروا بە ئاسانیی بڕوات.

3. سیاسەتی رەسمیی ئەمێریکا( لە تەغریدە ئیرتیجیالییەکانی ترامپ بگەڕێ) و رۆژئاوا، چۆن پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق و سوریایان بۆ مەبەستە و کاری بۆ دەکەن، بەهەمان شێوەیش پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئێران و تەنانەت، تورکیاش، گرینگییەکی سیاسیی و ژیاریی گەورەی بۆ ناوچەکە و بۆ دونیا هەیە. ئەمە زەبری پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان و پێوەندییە ئیقلیمییەکانە، لە دەرەوەی ئیشتیهای سیاسیی و ئایدیۆلۆژیی، جێکەوت دەبن.

4. مانەوەی ئێران، بە کەمێک نینۆککردنەوە، فاکتەرێکی سەرەکییە بۆ بیزنسی هەزاران کۆمپانیای رۆژئاوا و دادۆشیینی وڵاتانی عەرەبیی لە خەلیج، ئێرانی ئیسلامیی گەورەتریین خزمەتی بە سەرمایەگوزاریی ئەمێریکا و مێنتاڵیتییە بیزنسییەکەی ترامپ، لەناوچەکەدا کردووە. ئەم بیزنسە لە خۆیان تێک نادەن و بازاڕەکانی ئێرانیش، ئێستای باشترە تا دوای گێژەڵۆکەکەی ناو فنجانی قاوە سیحرییەکە.

5. جمهوری ئیسلامیی، ئەگەر بیەوێ دڕندایەتیی خۆی نیشان بدات، دەتوانێت بە زووتریین کات، خۆپێشاندەران لە قەصابخانەی گەورەدا رابگرێت و خوێنێکی زۆر بڕێژێت و دایمرکێنێتەوە. تا ئەم ساتەیش، دەیەوێ بە کەمتریین زیان لێی بێتە دەرەوە و دڵنەوایی داواکارییەکانی خەڵک بکات.

6. دوای ئەم خۆپێشاندانانە، کۆمەڵانی خەڵكی ئێران، قازانجی ئەوە دەکەن کە پەیامێکی سیاسیی توندیان بە رژێم گەیاند. رژێمیش بۆ ئەوەی ئیدامە بە دەسەڵاتی سیاسیی خۆی بدات، دەبێت مافە سیاسیی و مەدەنییەکان، مافی ژنان و عەدالەتی کۆمەڵایەتیی لەبەرچاو بگرێت و کۆمەڵێ ئیصڵاحاتی ریشەیی( بەتایبەتیی لە رەهەندی ئابوورییدا) بکات.

7. لە هەموو ئەگەرەکاندا، مانەوەی جمهوری ئیسلامیی، واقیعێکی سیاسیی تاڵە، بەڵام دروستبوونی ئێرانێک لە چینی( صین) رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بچێت، گرینگییەکی سیاسیی و ئابووریی بۆ سیاسەت و بازاڕی ئێران و ناوچەکەیش هەیە. بە واتایەکی تر، مانەوەی دەسەڵات، بە کۆمەڵێ ئیصڵاحاتی سیاسیی و ئابووریی گەورەوە کە بازاڕەکانی ئێران بکرێنەوە و جۆرێک لە خۆگونجان لەگەڵ رۆژئاوا و روسیا، ببن بە کۆدی باڵانسە سیاسیی و ئابوورییەکان، باشترە لەوەی فەوضایەکی سیاسیی گەورە، بۆ چەندیین دەیەی تر، ناوچەکە بگرێتەوە.

8. وەهمی ئایدیۆلۆژیی شتێکە و واقیعی سیاسیی ئێران و ناوچەکەیش، شتێکی ترە. رژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، کەمێک لاواز دەبێت و ضەربەیەکی قورسی بەرکەوت، بەڵام بەهێزتر لەجاران دێتەوە مەیدان، چونکە مەئمورییەتەکەی و بیزنسەکەی کە شەڕی طائیفیی و مەذهەبییە تەواو نەبووە و بۆ ئەوەی وڵاتانی عەرەبیی و ئیسلامیی بە گشتیی و سعودییە بەتایبەتیی،بترسێنن، هەمیشە نینۆنەکانی کۆماری ئیسلامیی یان هەر رژێمێکی ئێرانیی، باشتریین میکانیزمێكە بۆ فرۆشتنی صەدان میلیارد دۆلار لە کەلوپەلی سەربازیی و برەودان بە سەرمایەگوزاریی زۆر گەورە لە وڵاتانی خەلیج و ناوچەکەدا، لە لایەن ئەمێریکا، روسیا و رۆژئاواوە.

9. ئەگەر بە خولیای سیاسییش، سەڵطەنەت طەڵەبان( گرووپە شاهەنشاهییەکان) یان موجاهیدیینی خەلق، بێنە سەر دەسەڵاتی سیاسیی، مانەوەی کۆماری ئیسلامیی، باشترە لەوەی ناسیۆنالیزمی ئێرانیی و پانئێرانیزمی سەڵطەنەت طەڵەبان، یان جمهورییەکی ئیسلامیی مۆدیفایدکراو لەلایەن کۆمەڵێ ئاژانسی ئیقیلیمیی و موجاهیدیینی خەلقەوە، دەسەڵاتی سیاسیی، بەدەستەوە بگرن. گۆڕیینی جمهوری ئیسلامیی ئێران، بە حەزیای پانئێرانیستەکان و موجاهیدیین، یان خورافاتی گرووپەکانی کوردایەتیی( دێمۆکراتەکان و کۆمەڵەکان) بە زیان بۆ ناوچەکە و بۆ هەردوو کوردستانی ئێران و عێراقیش، دەشکێتەوە. بە پێچەوانەوە، هەلومەرجێکی باش هاتووەتە پێشەوە کە داوا رەواکانی خەڵکی ئێران بەگشتیی و کوردستانی ئێران بە تایبەتیی، فشار لەسەر رژێم دروست بکات و دێمۆکراتیی، مافی مرۆڤ، مافی ژنان و ئازادییەکان، گەشە بکەن. سەرەنجامیش، باشتربوونی گوزەران و گەڕانەوەی کەرامەتی مرۆیی بۆ ئێرانییەکان، پێش هەموو ئیشتیها ئایدیۆلۆژیییە رەنگاوڕەنگەکان، بخرێت.