سه‌ره‌کی        په‌یوه‌ندی        ئه‌رشیف        لینک        زانیاری ماڵپه‌ڕ
   
وتاری هه‌ڤاڵ مسته‌فا چاوڕه‌ش - یادی چله‌ی شه‌هیدانی لیوای یه‌كی پاراستنی سلێمانی
هه‌مه‌ڕه‌نگ ‌
  قه‌ڵای دمدم
به‌روار: 06/12/2017


قه‌ڵای دمدم
له‌ڕۆژی 5ی كانوونی یه‌كه‌می ساڵی 1608ز شاعه‌باسی سه‌فه‌وی، كه‌ یه‌كێكبوو له‌ پاشا خوێنڕێژه‌كانی ئێران، هێرشی برده‌ سه‌ر میری دلێری كوردان، ئه‌میرخانی له‌پزێڕین له‌ قه‌ڵای دمدم.
قه‌ڵای دمدم له‌ پارێزگای ورمێی ئێستادایه‌ له‌ خۆرهه‌ڵاتی كوردستان، كورد به‌رگرییه‌كی مه‌ردانه‌ و بێوێنه‌ی كرد، چه‌ند مانگ گه‌مارۆ دران به‌ڵام خۆیان نه‌دا به‌ ده‌سته‌وه‌، شه‌ڕی مان و نه‌مانیان كرد.
سه‌رئه‌نجام به‌هۆی خیانه‌تی كورد خۆیه‌وه‌ كه‌ نامه‌یه‌كیان به‌ تیروكه‌وان نارد بۆ سوپای دوژمن و شوێنی سه‌رچاوه‌ی ئاوه‌ ئاوه‌یان ئاشكرا كرد كه‌ له‌ژێر زه‌وییه‌وه‌ خانی له‌پزێڕین هێنابووی بۆ ناو قه‌ڵا به‌هێزه‌كه‌ی دم دم.
سه‌فه‌وییه‌كان كانیاوه‌كه‌یان كوێركرده‌وه‌ و ئاویان له‌ قه‌ڵا بڕی. دوای چه‌ند ڕۆژێك ئیتر تێنوێتی په‌كی خستن، ئه‌میرخانی له‌پزێڕین كۆبوونه‌وه‌ی به‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی كرد و گوتی كێ خۆی به‌ده‌سته‌وه‌ ده‌دات ئازاده‌، چونكه‌ ئیتر ژن و منداڵ و پیره‌كان و گه‌نجه‌كانیش هه‌موو پێكه‌وه‌ ده‌مرن، با هه‌مووتان نه‌مرن، ئێوه‌ خۆتان ڕاده‌ست بكه‌ن.
بۆ سبه‌ینێ ده‌رگایان كرده‌وه‌ و دوژمن هاتنه‌ ناو قه‌ڵاكه‌وه‌.
به‌ڵام ئه‌میرخانی له‌پزێڕین و هه‌ندێك له‌ جه‌نگاوه‌ره‌كانی له‌ قه‌ڵاكه‌ی دیكه‌ كه‌ تایبه‌ت بوو ماڵی میر، به‌رگرییان كرد و تا هێز و توانایان تێدا مابوو دژی شاعه‌باسی سه‌فه‌وی جه‌نگان. 
دوای به‌رگرییه‌كی قاره‌مانانه‌ بڕیاری خۆكوشتیان به‌سه‌ر خۆبه‌ده‌سته‌وه‌داندا هه‌ڵبژارد و سوپای داگیركه‌ری سه‌فه‌وی كاتێكیان زانی قه‌ڵای خانی له‌پزێڕین به‌جارێك ته‌قییه‌وه‌ و ئه‌میرخان و جه‌نگاوه‌رانی هه‌موویان كوژران.
قه‌ڵای دمدم كه‌ شارێكی گه‌وره‌ و خۆش و ئاوه‌دان بوو، به‌ یه‌كجاریی بووه‌ وێرانه‌ و چرای به‌ختی كورد له‌و قه‌ڵایه‌شدا كوژایه‌وه‌.
سه‌رچاوه‌كان ده‌ڵێن: ئه‌میرخانی له‌پزێڕین سه‌رۆكی هۆزی برادۆست بوو، هه‌ندێكیش ده‌ڵێن: سه‌رۆكی هۆزی گه‌ڵاڵی بوو. هه‌ندێكیش ده‌ڵێن: جه‌لالییه‌كان (واتا گه‌ڵاڵییه‌كان) چووبوونه‌ سوپای شاعه‌باسه‌وه‌ و پاره‌یه‌كی زۆریشیان وه‌رگرتبوو بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداریی شه‌ڕی ئه‌میرخان و قه‌ڵای دمدم بكه‌ن.
ئه‌میرخان له‌ هه‌ر هۆزێك بووبێت گرنگ ئه‌وه‌یه‌ كوردبوو، له‌سه‌ر كوردبوونیش په‌لاماری قه‌ڵمه‌ڕه‌وه‌كه‌ی درا و تا قه‌ڵاكه‌یان داگیرنه‌كرد كۆڵیان لێنه‌دا.
ئاشكرایه‌ هێزی ئه‌میرخان به‌ سوپای زه‌به‌لاحی شاعه‌باسی سه‌فه‌وی و ده‌وڵه‌تی ئێران به‌راورد نه‌ده‌كرا، بۆیه‌ سه‌رئه‌نجام شكستیان هێنا.
به‌ڵام خیانه‌ت گه‌وره‌ترین كێشه‌ی كوردبووه‌ له‌ كۆنه‌وه‌ و هۆكاری سه‌ره‌كیی شكسته‌كانیشی بووه‌.
هه‌زاران دروود بۆ گیانی ئه‌میرخانی له‌پزێرین و جه‌نگاوه‌رانی قه‌ڵای دمدم.