سه‌ره‌کی        په‌یوه‌ندی        ئه‌رشیف        لینک        زانیاری ماڵپه‌ڕ
   
وتاری هه‌ڤاڵ مسته‌فا چاوڕه‌ش - یادی چله‌ی شه‌هیدانی لیوای یه‌كی پاراستنی سلێمانی
راپۆرت ‌
  ئایا كۆنگرە فریادڕەسە بۆ ئەم قۆناغەی یەكێتی؟
به‌روار: 05/12/2017


بەو پێیەی كە كۆنگرە گشتیەكانی حیزب،جێگەی ئاڵوگۆڕو بۆچون و دیدە جیاوازەكانە لە هەمان كات و جێگەدا و كۆكردنەوەی هەموانە لە ژێر یەك چەتر و قوبەی كۆنگرەدا و بەهەمان شێوەش كۆنگرە جێگەی بەسەرداچوونەوە و لە بێژەنگدانی سەرتاپای كار و كردەوە و گوتار و سیاسەت و هێز و توانا و ڕێكخستن و سەرجەمی ئیشوكارە دارایی و ئیداری و سەربازی و ئابوریەكانیشە و جێگەی مشتومڕی توندو ئازادانەی هەڤاڵانەشە لەسەر چۆنێتی دانانی پرۆگرام وپلانی ئایندە و ئاڵۆگۆڕكردنی دروشمە گشتی و سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی و سەرجەمی بوارەكانی ژیانی كۆمەڵگاشە لە دید و تێڕوانیی حیزبەوە، بەهەمان شێوە كۆنگرە جێگەی هەڵاوێردكردن و گۆڕانكاری و چاكسازی و نوێبونەوەشە لە بڕگە و مادە و بابەتەكانی قۆناغی پێشووتر و هەوڵی چاكسازیكردن و ڕاستكردنەوەشیانە بە گوێرەی گۆڕانكاری و پێشهاتە ناوخۆیی و دەرەكیەكانی حیزب و كۆمەڵگا و حكومڕانی و ناوچەكە و دونیاشدا و جێگە و پێگەی شیاویشە بۆ نوێبونەوە و نوێكردنەوەی فكر و تێز و ڕێباز و فەلسەفە و سیاسەتی حیزبیش و گونجاندنیانە لەگەڵ دونیا و قۆناغی سەردەمدا بۆ ئەوەی حیزب بتوانێت وەڵامدەرەوەیەكی واقعیانە و زانستیانەی هەموو ئاڵۆگۆڕە ناوخۆیی و ناوچەییەكان و دونیای دەرەوەشدا بێت و بتوانێت لەگەڵ ڕەوتی ڕووداو و پێشكەوتنەكاندا ڕێ‌ بكات و بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێت و دواكەنەوێت لە كاروانی خەبات و بەرەوپێشچوونی دونیا و نەبێتە دواكەوتە و پاشكەوتەی گۆڕانگاری و ڕووداوەكان ، بۆ ئەوەی هەمیشە و بەبەردەوامیش دەستپێشخەری سیاسی لەدەستدا بمێنێتەوە و پارێزگاریش لە جێگە و پێگە و نفوزی خۆی بكات لە ناو جەماوەری خۆیدا و متمانەیان لەدەست نەدات و بتوانێت بەردەوامیش بدات بە مانەوەی لە دەسەڵاتدا.

تەنها بە گۆڕانكاری و نوێبونەوە دەبێت
هەروەها كۆنگرە بەو سیفەتەی جێگەی بەسەرداچوونەوەی سەرتاپای پەیكەری حیزب و ئۆرگانەكانێتی لەسەرەوە بۆ خوارەوە لە سكرتێری گشتیەوە تا مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و ئەنجومەن و مەكتەب و مەڵبەند و ئۆرگانەكانی تر وبەپرسیشە لەدانانی پەیڕەوێكی ناوخۆیی (( مەنیڤێستی كاركردن)) ساغڵەم و تەندروست كە بگونجێت لەگەڵ ئاستی گەشەكردن و زیادبوونی ژمارەی دۆست و ئەندام و لایەنگرانی حیزب و فروانبوونی سنوری كار و چالاكیەكان و دەسەڵاتەكانیاندا و بۆئەوەی هەموان لە نێوان دوو كۆنگرەی ئاسایدا پابەندبن بە جێبەجێكردنی كۆی بڕگە و مادەكانەیەوە و بەهیچ شێوەیەك لێی لانەدەن و زیادەڕەوی و سەرپێچی لێنەكەن و هەموو بنەما حیزبیەكان وەكو خۆیان جێبەجێبكەن. هەروەهاش تەنها لە كۆنگرەدا دەتوانرێت لە ڕێگەی هەڵبژاردنێكی نهێنی و ئازادەوە سەركردایەتیەكی نوێ‌ بۆ حیزب هەڵبژێردرێتەوە بۆ قۆناغی ئایندە بۆئەوەی ڕابەرایەتی و ئیدارەی كار و چالاكی حیزب بكەن و بتوانن گەشە و پێشكەوتنی زیاتر بدەنە حیزب، ئەمەش تەنها بە گۆڕانكاری و نوێبونەوە دەبێت لە عەقڵ و توانا و خوێن و وزەی سەركردایەتیدا ئەویش بە هێنانە پێشەوە و بەشداریكردنی زۆرترین ژمارە لە هەڤاڵانی گەنج و لاو و ژنان لەسەر بنەماكانی توانا و خاوەن مەعریفە و بڕوانامە و كارامەیی و ئەمانەت و دڵسۆزی دوور لە بنەماكانی دەستەگەری و خزمخزمێنە و ناوچەگەری و خێڵچێتی و ئاین و مەزهەب، بەشێوەیەك كە هەموان پێكەوە بە هاوكاری و كاری پێكەوەیی و پشتیوانی هەڤاڵانی دێرین و نوێیەوە گوڕ و تەكانێكی بەهێزتر بدەنەوە جەستە و بیر و فكر و فەلسەفە و سیاسەتی حیزب و بتوانن حیزب بەرەو ئاست و پلەیەكی باڵاتر بەرەو لوتكە سەربخەن.

كۆنگرە وێسگەیەكە بۆ وچاندان و پشوو وەرگرتن
• بەم شێوەیە كۆنگرە جێگە شیاو گونجاو ژینگە لەبار و ساغڵەمەكەیە بۆ سەرجەم گۆڕانكاریەكان لەناو خودی حیزبدا و كۆنگرە تاكە چارەسەر و تاكە فریاد ڕەسیشە بۆ دەرچوون لە قۆناغێكی كۆنی ڕابووردووی قەتیس و پڕبوو بە كێشە و ململانێ‌ و كەڵەكەبوو بە كاریگەریە خراپەكانی قۆناغی ڕابووردوو و خۆخاوێنكردنەوەشە لە ڕەخنە و كەموكوڕیەكان و وێسگەیەكی گرنگی 3-4 ساڵیشە بۆ خۆ نوێكردنەوە و چاكسازی و ڕاماڵێنی تەپوتۆزی قۆناغی پێشووتر،كۆنگرە وێسگە هەر گرنگ و چارەنوسسازەكەی حیزبی سیاسیە،بەبێ‌ بەستنی كۆنگرەی حیزب بەشێوەیەكی بەردەوامی و لەكاتی خۆیدا هیچ حیزبێكی سیاسی ناتوانێت بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێت و ناشتوانێت بە گوڕ و تینی نوێوە نەخۆی نە كۆمەڵگاكەشی بەرەو پێشەوە بەرێت چونكە بە سروشتی كاركردن كێشە و گرفت و شكست و نسكۆو ڕەخنەی جەماور و ململانێكان كەڵەكەدەبن و پێویست دەكات كۆنگرە بەبەردەوامی بگیرێت بۆ چارەسەری هەموو ئەو كێشەو گرفتانە، كۆنگرە وێسگەیەكە بۆ وچاندان و پشوو وەرگرتن و خۆ ئامادەكردن و گەشانەوە و توانا وەرگرتنی نوێیە بۆ قۆناغی ئایندە، كۆنگرە ساتە وەختێكی مێژوویی گرنگە بۆڕێكخستنەوە و ئەبدەیتكردن و داتاكردن وداتەكاندنی (( ڕیفرێشكردنەوەی))حیزب لە كەموكوڕی و ڕەخنە و زویر بوونی جەماوەر و ئەندامان و كۆكردنەوەی تواناكان و دەرخستنەوەی هێز و توانای حیزبیشە لەسەر پێكەوەكاركردن و وەلاوەنانی ناكۆكی و ململانێكان و پیشاندانەوەی ڕووی گەشی حیزبیشە بە ناوخۆو دەرەوەی حیزب.

ڕێگەی تەشەنەكردنیان لێبگیرێت
• بۆیە كۆنگرە بەم هەموو گرنگی و مەترسی و كاریگەریە ئیجابی و نێگەتیفانەیەوە هەمیشە فریادڕەس بوە وەك لەوەی ببێتە دێوەزمەیەكی دڕندە و ترسناك بۆ سەر ئایندە و مانەوەی حیزب،بۆیەش لەم قۆناغ و ساتە وەختەی مێژوودا كۆنگرە و بەستنی كۆنگرەی چوارهەمی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دەبێتە تاكە فریادڕەس بۆ دەربازبوون لەهەموو ململانێ‌ و وناكۆكی و ڕەخنە و كەموكوڕیەكانی ڕابوردوو، كۆنگرەی چوار دەبێتە وێسگەی گەشانەوە و بوژانەوە و خۆڕێكخستنەوەی یەكێتی و بەهێزبوون و هەستانەوە و نوێبونەوەشی، بەبێ‌ كۆنگرە مەحاڵە یەكێتی بتوانێت بۆ پێشەوە هەنگاوی نوێ‌ بنێت چونكە كێشە و گرفت و ململانێ ناوخۆییەكان هێندە قەبە و توندبونەتەوە كە نەتوانراوە لەماوەی 4-5 ساڵی ڕابووردوودا كەمبكرێنەوە،بچوكبكرێنەوە،گەمارۆبدرێن، ڕێگەی تەشەنەكردنیان لێبگیرێت بەهەوڵە ناوخۆییەكان و ناوچەیی و دەرەكیەكانیشەوە، بۆیە تەنها و تەنها چارەسەر لەناوخۆی یەكێتیدایە و تەنها بە بەستنی كۆنگرەش كێشەكان لانی كەم كەمدەكرێنەوە و گەمارۆدەدرێن و بۆ 3-4 ساڵی ئایندە خەفە و بێدەنگ دەكرێنەوە و مەترسی لێكجیابونەوە و زیاتر هەڵوەرین و بچوكبنەوەی یەكێتیش دووردەخرێتەوە، كاری سەرخستنی كۆنگرەش بەشێوەیەكی ئاسایی و لەسەر بنەماو ڕێچكە حیزبیەكان لە ئەسۆی هەمواندایە بەبێ‌ جیاوازی و سەرنەگرتنیشی تاوان و كەمتەرخەمی هەموانە و هەموانیش لەبەردەم خودا و خەڵك و مێژووشدا بەرپرسیار دەبین،هەربۆیە جگە لە بەستن و سەرخستن و بە ئەنجامگەیاندنی كۆنگرە هیچ ڕێگە چارەیەكی ترمان لەبەردەمدا نیە.