سه‌ره‌کی        په‌یوه‌ندی        ئه‌رشیف        لینک        زانیاری ماڵپه‌ڕ
   
وتاری هه‌ڤاڵ مسته‌فا چاوڕه‌ش - یادی چله‌ی شه‌هیدانی لیوای یه‌كی پاراستنی سلێمانی
شه‌هیدان ‌
  ئەندازیاری شەهید : ئەحمەد حەمە کەریم
به‌روار: 02/12/2017

لە سەرەتای ساڵی ١٩٧٧ دا چەند پێشمەرگەیەک لەسەر شەقامی مەولەوی تەقە و دەستڕێژی گوللە لە ( محەمەد ئەمین ) ی پارێزگاری نویێ سلێمانی دەکەن ، پاشان لە ناو خانووەکانی کارگەی شەکردا و لە ماڵی ئەندازیار : ( ئەحمەد حەمە کەریم ) دا خۆیان دەشارنەوە .. چەند شەوێک لەو ماڵەدا دەمێننەوە و پاشان بە سەلامەتی دەگەنەوە شاخ .. دوای ماوەیەک یەکێک لەو پێشمەرگانە دەستگیردەکرێت و دان بە هەمووشتێکدا دەنێت و زمان لە کاک ئەحمەد دەدات و هەر هەمان ڕۆژ ناوبراو دەستگیر دەکرێت و وەک سەگی هار تێی دەئاڵێن و دەیخەنە ژێر لیس و ئاگری ئازار و ئەشکەنجەیەکی ئێجگار زۆرەوە ، بەڵام ئەو کەسێکی ئازا و مەرد و خۆڕاگر بوو ، ورەی شاخێکی پۆڵا بوو ، وەک دار گۆیژ ڕەگ و ڕیشەی بە ناخی نیشتماندا ڕۆچوو بوو . کاتێک جەللادەکانی بەعس بێهوودە دەبن ، ئنجا بە تۆپزی یەک لوێچ بزماری کەوشی دەرخوارد دەدەن ، بەڵام بەمەش ورەی ناڕۆخێت و هیچی لیێ نابیستن ، بۆ بەیانی دەیبەنە نەخۆشخانە عەسکەری ناو حامییەکەی سلێمانی و نەشتەرگەریی بۆ دەکەن و یەک بە یەکی بزمارەکانی بۆ دەردەهێننەوە ، بە هیوای ئەوەی بە زیندووی بمێنێت و نهێنی رێکخستنەکانی بدرکێنێ ، بەڵام ئەو زیاتر لە جاران خۆڕاگرتر دەبێ و چۆک دانادات ، جا نەک هەر تەنها کۆڵ بە جەللادەکانی دەدات ، بەڵکو بەردەوامیش ئازار و ژانی برینەکانی هەناوی و دەلاقە خوێناوییەکانی سەرتاپا لەشی ورە دەداتە بەر هاوڕیێ بریندارەکانی ناو زیندانی . خۆ کاتیک داگیرکەران بە تەواوی بێ هیوادەبن لێی ، ئنجا فەرمانی لە سێدارەدانی بۆ دەردەکەن . 
پێش یەک هەفتە لە جێبەجێکردنی فەرمانە نەگریسەکەی بەعسی فاشست ، لەگەڵ چەند هاوڕیێ یەکدا لە قەسابخانەکەی موسل سەردانمانکرد ... بە ڕوویەکی گەش و ورەیەکی ئێجگار بەرز و جەستەیەکی پڕ برینەوە وتی : شادم ، کە لە پێناوی باوەڕی پیرۆزی خۆم و ئازادی و سەربەستی میللەتەکەمدا و بەبێ ئەوەی تەنها نهێنییەک بدرکێنم کۆتایی بە ژیانم دێت . لەوێدا هەموومان یەکە یەکە بە گەرمی ماچمانکرد و بە پەرۆشەوە باوەشمان پیاکرد ، باوەشێکی پڕ لە ئازار ، بەڵام بەقەد یەک باخچە بۆن و بەرامی خۆشی نیشتمانی پێوەبوو . لەو ڕۆژەوە ، کە هەموو ساڵێک یەکەم باران دەبارێ و زەوی تەڕ تەڕدەبێ و بۆنێکی ئێجگار خۆشی خاکی نیشتمان گوڵاوپرژێنی دنیا دەکات ، ئەو ساتانەم دێتەوە یاد ، کە بۆ دواجار ئەو هاوڕیێ ئازا و تێکۆشەرەم ماچکرد و سەرلەنوێ بۆنە زۆر خۆشەکەی باوەشی باوەشێنی ڕۆحم دەکاتەوە . 
شەوی ١٥ لەسەر ١٦ ی مانگی ١٠ ی ساڵی ١٩٧٧ لە سێدارە درا و کەسیش نەیزانی چ بستە خاکێک جەستەی پڕ برینی گرتۆتە باوەش ، بەڵام ڕۆحی پاکوبێگەرد و دڵۆڤانی وەک هەڵۆیەکی ئازا بەرز بەرز فریی و بە ڕوویەکی سورەوە بەسەر دوند و تروپکی ئەستێرە بەرزەکانی بەهەشتەوە نیشتەوە و بەردەوامیش لە دوای ڕاپەڕینەوە نەفرەت لەو هەلپەرستانە دەکات ، کە بوونەتە بەڵای سەری کورد و لە پێناوی کورسی و پۆست و پارەدا ، ڕێزیان لە خوێنی پاکوبێگەردی هەزاران هەزار شەهید نەگرت و میللەت و نیشمانەکەمانیان گەیاندۆتە لێواری مەرگ ... هەڵویستی ئازایانەی کاک ئەحمەد حەمە کەریمی هاوڕێم ، بوو بە هەوێنی ئەم چوار دێڕ هۆنراوەیەم ، کە پڕ بە پێستی ئازایەتی و خۆڕاگریی ئەم شەهیدە پایەبەرزەیە :

خۆڕاگربووی بەرامبەر زەبری زۆردار
لەژێر تیغدا ورە بووی بۆ بریندار

بە بێباکی کە سەرکەوتیتە سەر دار
هەتا مردن لە دڵما بووی بە سەردار