سه‌ره‌کی        په‌یوه‌ندی        ئه‌رشیف        لینک        زانیاری ماڵپه‌ڕ
   
وتاری هه‌ڤاڵ مسته‌فا چاوڕه‌ش - یادی چله‌ی شه‌هیدانی لیوای یه‌كی پاراستنی سلێمانی
کوردستان ‌
  سەرۆکوەزیرانی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا کۆدەبنەوە
به‌روار: 10/07/2018

دوای بەشداربوونی لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆککۆماری تورکیا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی کوردستان سەردانی هۆڵەندای کرد و ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە.

بەپێی ماڵپەڕی حکومەتی هۆڵەندا ئەمڕۆ (سێشەممە، 10-7-2018) سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا پێشوازی لە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکات و، لەبارەی چەند تەوەرێک گفتوگۆ دەکەن.

لە ماڵپەڕی حکومەتی هۆڵەندا هاتووە: لە کۆبوونەوەکەدا هەردوو سەرۆکوەزیران لەبارەی کۆچبەران، شەڕی دژی داعش و ئارامی و ئاسایش لە هەرێمی کوردستان و هەماهەنگی لەبارەی ئاسایشی سنوور گفتوگۆ دەکەن، جگە لەوانە گفتوگۆ دەکرێت لەبارەی سێکتەری دیکەی وەکو کشتوکاڵیش.

پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی هۆڵەندا و هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی مێژوویی نین، بەڵام بەهێز و تۆکمەن و هۆڵەندا دەیەوێت بەهێزتریشی بکات. لەماوەی شەڕی داعشدا هۆڵەندا یەکێک بوو لەو وڵاتانەی پشتیوانیی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگەی کرد، تەنانەت لە گەرمەی شەڕی داعشدا لە ساڵی 2016، مارک رووتە، سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

رۆژی 25ی حوزەیران سیگرید كاغ، وه‌زیری بازرگانی و هاریكاریى په‌ره‌پێدانی هۆڵه‌ندا سەردانی هەولێری کرد و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی کۆبووەوە و رایگەیاند "دەمانەوێت هاوکارییەکانمان فراوانتر بکەین لە کەرتی بەڕێوەبردنی ئاو و کشتوکاڵ، چونکە ئەم دوو بوارە پێویستی بە شارەزاییەکی زۆری نێودەوڵەتی هەیە. هاوکات بۆ هاوکاربوونی فراوانکردنی وەبەرهێنان لە کەرتی تایبەت، چونکە ئەمە هەلی کار دروستدەکات، کە ئەوەش هاوکاری هەرێمی کوردستان دەکات".