سه‌ره‌کی        په‌یوه‌ندی        ئه‌رشیف        لینک        زانیاری ماڵپه‌ڕ
   
وتاری هه‌ڤاڵ مسته‌فا چاوڕه‌ش - یادی چله‌ی شه‌هیدانی لیوای یه‌كی پاراستنی سلێمانی
عێراق ‌
  داعش بۆ پاره‌ عراقیه‌مه‌ده‌نییه‌كان ده‌كاته‌ ئامانج
به‌روار: 01/07/2018

هێزه‌كانی عیراق ئۆپه‌راسیۆنه‌كانیان زیادده‌كه‌ن بۆ راوه‌دوونانی شانه‌كانی "ده‌وڵه‌تی ئیسلامی" (داعش) له‌ ناوچه‌ بیابانیه‌كانی نزیك روتبه‌ له‌ پارێزگای ئه‌نبار.
به‌رپرسانی ناوخۆی عیراق رایانگه‌یاندوه‌، هێرشه‌كانی "ده‌وڵه‌تی ئیسلامی" (داعش) به‌رده‌وامن له‌ كردنه‌ ئامانجی ناوچه‌ بیابانییه‌كان، هه‌رچه‌نده‌ هه‌ڵمه‌ته‌ ئه‌منیه‌كان دژی گروپه‌كه‌ به‌رده‌وامن.

حه‌وت شوان و جوتیار به‌ كوژراوی دۆزرانه‌وه‌ دوای ئه‌وه‌ی داعش كۆمه‌ڵێك گوندنشینیان رفاند له‌بیابانی رۆژئاوای سه‌ڵاحه‌دین.

له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌ عه‌لی نه‌واف سه‌رۆكی شاره‌وانی قه‌زای دور وتی: رۆژێك به‌ر له‌ دۆزینه‌وه‌ی ته‌رمه‌كان داعش هێرشی كردبووه‌ سه‌ر چه‌ند گوندێك و 30 كه‌سیان رفاند، له‌ناویاندا شوان و جوتیار هه‌بوون.
ناوبراو راشیگه‌یاندوه‌، "لاشه‌ی حه‌وت كه‌سیان دۆزراونه‌ته‌وه‌ و هێزه‌ ئه‌منیه‌كان بۆ ئه‌وانی دیكه‌ ده‌گه‌ڕێن."

له‌و وێنانه‌دا كه‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌، ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌و قوربانیانه‌ی دۆزرانه‌وه‌ ده‌ستیان له‌پشته‌وه‌ به‌سترابووه‌وه‌ و چاویان به‌ جامانه‌ی سور و سپی به‌سترابوو.

دانیشتوانی ئه‌و قه‌زایه‌ سه‌ر به‌خێڵی شه‌مه‌رن كه‌ لایه‌نگریی حكومه‌ت ده‌كه‌ن و ئه‌وه‌ش وایكردوه‌ ببنه‌ ئامانجی هێرشه‌كانی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی داعش.

مه‌ترسی له‌ ناوچه‌ بیابانیه‌كان
نه‌واف وتیشی: چه‌كدارانی داعش هێشتا له‌بیابانه‌كه‌ ماون، كه‌له‌ باشوری موسڵه‌وه‌ درێژده‌بێته‌وه‌ بۆ رۆژئاوای ناوچه‌ی جه‌زیره‌ له‌پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین تا ده‌گاته‌ ئه‌نبار.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: ئه‌م ناوچه‌یه‌ زۆر فراوانه‌ و سه‌خته‌ بۆ هێزه‌كانی عێراق به‌ته‌واوی كۆنترۆڵی بكه‌ن، بۆیه‌ دانیشتوانه‌كه‌ی هاوكاری سوپای عیراق ده‌كه‌ن.

سه‌رۆكی شاره‌وانی قه‌زای دور راشیگه‌یاندوه‌،"تیرۆرسته‌كان له‌ ئه‌شكه‌وت و تونێله‌كاندا خۆیان حه‌شارده‌ده‌ن و به‌ شه‌و دێنه‌ ده‌ره‌وه‌و هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر گونده‌كانی نزیكیان یان به‌ رۆژ هێرشی سه‌ر شوانه‌كان ده‌كه‌ن كاتێك ئه‌منیه‌ت زۆر توندوتۆڵ نیه‌."

وتیشی: چاودێریی ئاسمانی به‌رده‌وام پێویسته‌ بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ یاریده‌ده‌ری هه‌وڵه‌ ئه‌منیه‌ زه‌مینیه‌كان بۆئه‌وه‌ی خێرا چه‌كداره‌كان بدۆزرێنه‌وه‌ و بكرێنه‌ ئامانج.

هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌ سه‌رۆكی شاره‌وانی روتبه‌، عیماد دوله‌یمی وتی: داعش به‌ته‌واوی كۆتایی پێهاتووه‌ له‌ شاره‌كاندا، به‌ڵام هێشتا مه‌ترسیی هه‌یه‌ بۆ ناوچه‌ دووره‌ده‌سته‌كان و بیابانه‌كان [له‌ عێراق.

وتیشی: "پاشماوه‌كانی داعش ئه‌و سه‌ركێشیه‌ ناكه‌ن بێنه‌ناو خه‌ڵكه‌وه‌، چونكه‌ ناتوانن رووبه‌ڕووی هێزه‌ ئه‌منیه‌كان ببنه‌وه‌، ئه‌وان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌نجامدانی تاكتیكی ده‌ستبوه‌شێنه‌ و راكه‌، ئه‌مه‌ش كاری به‌رده‌وامیان بوو چه‌ند ساڵ به‌ر له‌وه‌ی شاری موسڵ داگیربكه‌ن."

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: داعش خاك و پاڵپشتیی دانیشتوانه‌ ناوخۆییه‌كه‌شی له‌ده‌ستداوه‌ و وتی هێرشه‌كانیان بۆ سه‌ر جوتیاران و شوانه‌كان له‌ناوچه‌ دووره‌ده‌سته‌كان "به‌ڵگه‌یه‌كی روونی" بێهێزییانه‌.


پاره‌ و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ هانده‌رن
دوله‌یمی وتی: رفاندن بۆ پاره‌ی سه‌رانه‌ دوا هه‌وڵی چه‌كداره‌كانی پاشماوه‌ی داعشن كه‌ تا دێت زیاتر بۆ پاره‌ ته‌نگه‌تاو ده‌بن.

وتیشی: چه‌كداره‌كانی داعش 19 حوزه‌یران، شه‌ش پیاویان رفاند له‌ روتبه‌ كه‌ خاوه‌نی كارگه‌ی كه‌ره‌سه‌ی بیناسازی بوون.

دوله‌یمی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: "پاره‌ی سه‌رانه‌ پێده‌چێت هانده‌ری رووداوه‌كه‌ بێت." وتیشی هێزه‌ ئه‌منیه‌كان بیابانه‌كه‌ شه‌نوكه‌و ده‌كه‌ن بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و پیاوه‌ بێسه‌روشوێنانه‌.

ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای ئه‌نبار نه‌عیم كه‌عود وتی: چه‌كدارانی داعش نه‌یتوانی دزه‌بكاته‌ ناو شاره‌كانه‌وه‌ له‌ كاتی ره‌مه‌زان و جه‌ژندا به‌هۆی رێكاره‌ ئه‌منیه‌ تونده‌كانه‌وه‌، بۆیه‌ ده‌چن كرده‌وه‌ی ترسنۆكانه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن له‌ ناوچه‌ دووره‌ده‌سته‌كاندا.

كه‌عود راشیگه‌یاند:پاشماوه‌كانی گروپه‌كه‌ ئه‌و تاوانانه‌ ئه‌نجامده‌ده‌ن بۆئه‌وه‌ی "سه‌ركه‌وتنێكی ساخته‌ ده‌ستبخه‌ن به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت بۆ ئه‌وه‌ی وره‌ی خۆیان به‌رزبكه‌نه‌وه‌."

وتیشی: "تاوانه‌كان ده‌ریده‌خه‌ن ئه‌مه‌ تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌یه‌ له‌ دژی دانیشتوانی گونده‌ دووره‌ده‌سته‌كان، به‌تایبه‌تی شوان و جوتیاره‌كان كه‌ ره‌تیانكردۆته‌وه‌ هاوكاریی تیرۆریزم بكه‌ن و هاوكاریی خۆیان بۆ هێزه‌ ئه‌منیه‌كان ده‌ربڕیوه‌."

له‌كۆتایدا وتی:  هێزه‌ ئه‌منیه‌كان "زۆر توند سنووره‌كانیان كۆنترۆڵكردووه‌ و هێرشه‌ پێشگیرییه‌كانیان بۆسه‌ر حه‌شارگه‌كانی دوژمن له‌ بیابانه‌كاندا به‌گوڕه‌وه‌ به‌رده‌وامن". وتیشی هێزه‌ خێڵه‌كیه‌كان رۆڵێكی گرنگ ده‌بینن له‌ هه‌ڵمه‌ته‌ ئه‌منیه‌كاندا.