سه‌ره‌کی        په‌یوه‌ندی        ئه‌رشیف        لینک        زانیاری ماڵپه‌ڕ
   
وتاری هه‌ڤاڵ مسته‌فا چاوڕه‌ش - یادی چله‌ی شه‌هیدانی لیوای یه‌كی پاراستنی سلێمانی
هه‌مه‌ڕه‌نگ ‌
  ستیفن هۆکینگ
به‌روار: 14/03/2018


ستیفن هۆکینگ، زانای گەورەی بواری گەردوونناسی و زانستە ئاسمانییەکان لە تەمەنی 76 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

خێزانی هۆکینگ لە راگەیێندراوێکدا پشتڕاستیان کردووەتەوە کە بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 14-3-2018، ستیفن هۆکینگ لە ماڵەکەی خۆی لە کامبریجی بەریتانیا کۆچی دوایی کردووە.

لوسی رۆبێرت و تیم، کچ و کوڕەکەی هۆکینگ بەناوی ماڵباتەکەی رایانگەیاند:" زۆر بەداخەوە رایدەگەیێنین کە باوکی خۆشەویستمان کۆچی دوایی کردووە. ئەو زانایەکی گەورە بوو، کار و هەوڵەکانیشی بۆ چەندین ساڵی دیکە دەمێننەوە، ئازایەتی ئەو  بووە هەوێنی کاری هەموو خەڵک لە جیهان".

هۆکینگ  تەمەنی لە لێکۆڵینەوە لە گەردوونناسی بەسەربرد و هەموو جەستەشی لەکارکردن کەوتبوو، ئەو زۆرجار پێشنیازی بۆ مرۆڤایەتی دەکرد شوێنێکی دیکە بۆ ژیان بدۆزنەوە، چونکە بەڕای ئەو زەوی لەژێر مەترسیدایە.


بەشێک لە ژیاننامەی ستیفن هۆکینگ

- ستیفن وڵیام هۆکینگ لە 8ی کانوونی دووەمی 1942 لە شاری ئۆکسفۆرد لە بەریتانیا لەدایکبووە.

- بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانکۆ ئۆکسفۆرد و دکتۆراشی لە زانکۆی کامبریج هەبوو.

- هۆکینگ نەخۆشی (ALS) هەبوو، نەخۆشییەکە ماسوولکەکان بێهێز دەکات.

- لە تەمەنی 22 ساڵیدا پزیشکەکان رایانگەیاند تەنیا چەند ساڵێکی دیکە دەتوانێت لە ژیاندا بمێنێتەوە.

- بەهۆی نەخۆشییەکەیەوە بەردەوام لەسەر کورسی بوو و بەبێ ئامێری دەنگیش نەیدەتوانی قسە بکات.

- هۆکینگ لە ژیانیدا چەندین پەرتووکی زانستی نووسیون، لەنێویاندا (کورتەیەک لە مێژووی کات)، ئەم پەرتووکە لەنێو ئایین و ئایینزاکان هەرایەکی گەورەی نایەوە و کاردانەوەی تووندی لێکەوتەوە. 

- لە ساڵی 1979مەدالیای ئالبێرت ئەنیشتاینی پێبەخشرا.

- لە ساڵی 2002 لە راپرسییەکەدا کە BBCی ئەنجامیدا، لە 100 کەسایەتی مەزنی بەریتانیا بە 25ەمین کەس هەڵبژێردرا.

- ساڵی 2014 چیرۆکی ژیانی کرایە فیلم بەناوی بیردۆزی هەموو شتێک.

- دووجار هاوسەرگیری کردووە، کچێک و دوو کوڕی هەیە، یەکێکیان رۆژنامەڤان و نووسەری دیاری بەریتانی لوسی هاکینگە.

- ستیفن باوەڕی بە بوونی خودا نەبوو. ئەو لە بەرنامەیەکدا بەڕوونی باوەڕی خۆی ئاشکراکرد و رایگەیاند: "ئاسانترین روونکردنەوە بۆ گەردوون ئەوەیە ھیچ خودایەک نییە، ئەمە دەمگەیێنێتە دۆزینەوە و ئەنجامێکی بەکەڵک کە ھیچ دۆزەخ و بەھەشتێکیش نییە، ئێمە ھەر یەک ژیانمان ھەیە بۆئەوەی گەردوون بەرزبنرخێنین، ئەگەر پێمانوابێ شتێک دەتوانێت بەبێ دروستبوونی ھەبێت، ئەو شتە بۆ گەردوون نەبێت لەبری خوداکان".

- هۆکینگ  رۆژی 14-3-2018 بە مردنێکی ئاسایی لە ماڵەکەی لە نزیک زانکۆی کامبریج، ئەو شوێنەی زۆربەی پەرتووک و لێکۆڵینەوەکانی لێ ئەنجامداون، کۆچی دوایی کرد.