سه‌ره‌کی        په‌یوه‌ندی        ئه‌رشیف        لینک        زانیاری ماڵپه‌ڕ
   
وتاری هه‌ڤاڵ مسته‌فا چاوڕه‌ش - یادی چله‌ی شه‌هیدانی لیوای یه‌كی پاراستنی سلێمانی
کوردستان ‌
  شاندێكی پەرلەمانی كوردستان و نوێنەری پەیەدە سەردانی كونسوڵخانەی چیك دەكەن
به‌روار: 26/02/2018


شاندێكی پەرلەمانی كوردستان و نوێنەری پارتی یەكێتی دیموكرات (پەیەدە) لە هەرێمی كوردستان سەردانی كونسوڵخانەی چیك-یان كرد لە هەرێمی كوردستان، یاداشتێكیان بۆ ئازاد كردنی ساڵح موسلیم دایە كونسوڵخانەكە.

عیزەت سابر، ئەندامی شاندەكە لە لێدوانێكی رۆژنامەوانی رایگەیاند، "داوای ئازاد كردنی ساڵح موسلیم-مان كرد لە كونسوڵخانەی چیك، پێمان راگەیاندن داواكاری توركیا بۆ رادەستكردنی ساڵح موسلیم ناڕەوایە لەبەر دوو هۆكار، یەكەمیان ساڵح موسلیم هاوڵاتییەكی سورییە نەك تورك، دووەمیش بەسەردانێكی فەرمی سەردانی وڵاتی چیكی كردووە ".

ساڵح موسلیم، هاوسەرۆكی پێشووی پەیەدەو بەرپرسی ئێستای پەیوەندییەكانی دەرەوەی تەڤگەری كۆمەڵگەی دیموكرات (تەڤدەم)، لە ئێوارەی رۆژی شەممە 24-2-2018 لە پراگ-ی پایتەختی چیك لە لایەن پۆلیسی ئینتەرپۆلەوە لەسەر داوای توركیا دەستبەسەركراوە.

هاوكات سلێمان عەلی، نوێنەری پارتی یەكێتی دیموكرات (پەیەدە) لە هەرێمی كوردستان رایگەیاند، "بەفەرمی داوای ئازادكردنی ساڵح موسلیم-مان لە كونسوڵخانەی چیك كرد، بەوپێیەی ساڵح موسلیم هەڵگری پەیامی ئاشتییە و لە شەڕی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر رۆڵێكی كاریگەری هەبووەو لە رۆژئاوای كوردستان بە باوكی شەهیدان ناسراوە".

ئاماژەی بەوەشكرد، "بە كونسوڵخانەی چیك-مان وت توركیا هاوكاری تیرۆری كردووە، بەڵام پەیەدە لە رۆژئاوای كوردستان شەڕی تیرۆری كردووە، بۆیە پێویستە لە زووترین كاتدا ساڵح موسلیم ئازاد بكرێت ".

ساڵح موسلیم لە لیستی یەكەمی ئەو ناوانەدا بووە، كە لەلایەن توركیاوە داواكراوەو دراوە بە پۆلیسی ئینتەرپوڵ لەلایەن توركیاوە، هاوكات "توركیا بڕی چوار ملیۆن لیرەی توركی تەرخانكردووە وەكو خەڵات بۆ ئەو كەسەی موسلیم دەستگیربكات".

ساڵح موسلیم، لە هۆتێلی پڕاگ ماریۆت بووە، لە پراگی پایتەختی چیك، كە دەكەوێتە سەنتەری شارەكەوە، ئێوارەی دوێنێ لەلایەن پۆلیسی ئینتەرپوڵەوە دەستبەسەركراوە.