سه‌ره‌کی        په‌یوه‌ندی        ئه‌رشیف        لینک        زانیاری ماڵپه‌ڕ
   
وتاری هه‌ڤاڵ مسته‌فا چاوڕه‌ش - یادی چله‌ی شه‌هیدانی لیوای یه‌كی پاراستنی سلێمانی
ئه‌ده‌بیاتی شۆڕش ‌
  لە یای 30 ساڵەی شەهیدبوونی (لەیلا)ی خوشكم دا*
به‌روار: 21/01/2018


Awat Kokayi
تۆ هێشتا لەبیرەوەریمدا زیندوویت
................................................................................
هێشتا و دوای 30 ساڵی رەبەق، دیمەنی دەست و پەنجە و بازنە خوێناوییەكانی لەبەر چاوم تۆختر دەبیندرێن و ئەگەر بڵێم بەهەمان شێوەی ئەو (كە پارچە تۆپەكە ناوشان و سینگ و دڵی شەقكردبوو) ئازارم چەشت، رەنگە درۆ نەبێت.
تۆپێك لە هۆردووی بەعسەوە تەقێندراو ئامانجی نەپێكا، دووەمیش هیچ، بەڵام سێیەمیان، جەستەی لەیلای خوێناوی و خۆڵاوی كرد، ئەو كەوتە سەر زەوی، گەرماو گەرم بوو ویستی هەڵسێتەوە نەیتوانی، ئەو زۆر گوناح بوو، وایدەزانی ئەمەش هەر یارییەكانی سەردەمی منداڵی و لاوێتییە و دەتوانێ بەخۆ تەكاندنێك، تۆزو گەردی نووساو بە مەكسییە خاولییەكەیەوە** لابەرێت، بەڵام لە ئازاری ئەو پارچە ئاسنەی كە لە پشتییەوە چووبووە ناو قەفەزی سنگی و دڵی شەق كردبوو، تێگەیشت ئەم كەوتنە وەك یاریی منداڵان نییە، ئەمە دەرئەنجامی شەڕی گەورەكانە و هەستانەوەی بۆ نییە، بۆیە چەند قسەیەك و پاڕانەوە بۆ (ئاو)، دواتر نووزەی سەرەمەرگ، ئاهێك و چاولێكنانێك، ئیدی لەیلا تەواو، ئەو لەیلایەی تەنیا 3 ساڵ لەمن گەورەتربوو و منداڵی تر لە نێوانماندا نەبوو، خوشك و هاوڕێ و هاوبەشی هەزاران یاری و شەڕی منداڵانە و كوێرەوەریی گوند و هاوشانم لە گەورەبووندا، ئیدی قسە ناكات.
ئەو رۆژە بەئەندازەی رێژەی تەڕایی هەموو جەستەم، فرمێسكم رشت.
رۆژانی دواتر نا، بگرە ساڵانێك و تەنانەت ئەم بەیانییەش (مەرگی لەیلا) كوڵی دەروونی هێناومەتە جۆش.
چۆن بتوانم كۆنتڕۆڵی خۆم بكەم، ئاخر بازنەكانی دەستیشی وەك پەنجە ناسك و شووش و جوانەكانی، بەخوێن رەنگین ببوو.
..............................................................................
*رۆژی 21-1-1988، لە ئەنجامی تۆپبارانی رژێمی بەعسدا بۆ سەر گوندی (گولیجە)ی ناوچەی سورداش، لەیلای خوشكم و ژنێكی دیكە بەناوی (هاجەر) شەهیدبوون و كچێكی باجی هاجەر و سێ ئافرەتی دیكەی خێزانێك برینداربوون. شەهید هاجەرە و تەواوی ئافرەتەكانی دیكە خەڵكی گولیجە بوون، بەڵام ئێمە خەڵكی گوندی (كۆكە) بووین و ساڵی پێشتر بەهۆی هێرشی حكومەتەوە گوندەكەمان چۆڵ كرابوو و چووبووینە گولیجە. 
**ئەوكاتە (ماكسی خاولی) بە رەغبەتترین جۆری ماكسی بوو لای كچان و ژنان.
.................................................................
تێبینی/ كە گوندەكەمان لە ژێر گوشاری بەعس چۆڵكرا، لەیلای خوشكە گەورەم و خوشك و براكانی ترم كەمنداڵ بوون چوونە سلێمانی، دایكم و باوكم و من و كاكم چوینە گولیجە، دوای چەند مانگێك لەیلا پێداگری دەكرد كە ئەو بێتەوە لامان و ببێتە بنەوانمان، كەسوكار پێیان وتبوو ئەوێ مەترسیدارە و حكومەت زوو زوو هێرش دەكات، لەیلاش لە تاوا وتبووی ( خۆزگە ئەچوومەوە بۆ لای كاكم و یەك شەو لەوێ ئەبووم و بۆ بەیانیش ئەكوژرام و ناوم لە ئیزگەكە وەك شەهید ئەخوێندرایەوە) ئیدی دایكم و باوكم رۆیشتنە سلێمانی و لەیلا هات بۆلامان، وەك خۆی چۆنی تەمەننا كردبوو وا دەرچوو... ئێوارەی رۆژی 20-1-1988 هاتە گولیجەو بۆ نانی ئێوارە مریشك و برنج و فاسۆلیایەكی خۆشی بۆ لێناین و شەوێك پێكەوە بووین، بۆ سبەی 21-1-1988 كە خۆر هەڵات، تۆپباران دەستی پێكرد و شەهید كرا، رۆژی دوای ئەوەش ناوی لەیلا لە ئیزگەی دەنگی گەلی كوردستان بە شەهید، خوێندرایەوە.

ئاوات
21-1-1988