سه‌ره‌کی        په‌یوه‌ندی        ئه‌رشیف        لینک        زانیاری ماڵپه‌ڕ
   
وتاری هه‌ڤاڵ مسته‌فا چاوڕه‌ش - یادی چله‌ی شه‌هیدانی لیوای یه‌كی پاراستنی سلێمانی
هه‌مه‌ڕه‌نگ ‌
  ئەو مرۆڤانەی خۆیان بە گەورە دەبینن
به‌روار: 13/12/2017


کنێر عه‌بدوڵڵا

لە كۆمەڵی ڕۆژهەڵاتدا زۆر كەس پێیان وایە گەورەیی مرۆڤەكان خۆی لە پلەی وەزیفی، بڕوانامەی باڵا، پۆستیكی باڵای حزبی یان حكومی یاخود بنه‌ماڵه‌ییدا دەبینێتەوە، بۆیه‌ خۆی پێ جیاوازتر دەبێت لە مرۆڤەكانی دیكە و پەیوەندییەكانیشی لەسەر ئەو بنەمایە ڕێكدەخات.

گەورەیی مرۆڤ، كۆمەڵێك پێوه‌ره‌ كە لەسەر بنەمای مافی مرۆڤ بونیاده‌نرێت، بەو واتایەی لە هەڵوێست و دید و تێڕوانینە مرۆییەكانەوە سەرچاوە دەگرێت كە بێگومان ئاست و رادەی ڕۆشنبیری ڕۆڵ دەگێڕێ لە بەرجەستەبوونیدا، بۆیە پێوانە و كاركردن به‌ بنەما مرۆییەكان سەنگی مەحەكن بۆ پێوانەكردنی مەزنی و گەورەیی و رێزی مرۆڤەكان، نەك پێوەری پلەو پایە و پۆست و بنەماڵَە و بڕوانامە.

بوونی ئەو دیدە كێشە دەخوڵقێنی لە نێوەندی دامەزراوە و پەیوەندییە كۆمەڵایەتی و مرۆییەكاندا كە دەرئەنجام بە لایەكدا دیكتاتۆر و زاڵێتی و ترس و زلهێزی و سەپاندن دێنێتە ئاراوە و لە بەرامبەریشدا مرۆڤی ملكەچ و ترسنۆك و ژێردەستە و دیل، مرۆڤێك بەرهەم دێنێ كە هەمیشە خۆی بەسەرووتر لە مرۆڤەكانی تر و باڵادەستتر و دەسترۆشتووتر  لەوانیترده‌ز‌انێت، دەرئەنجام جگە لە خەونێكی تاكڕەوی و خەیاڵ بڵاوی هیچ ڕاستییەكی لە پشتەوە نییە، چونكە دواتر گەورەیی مرۆڤ لە ماندوێتی و شەونخونی و بەردەوامیەت لە هەوڵدان و فێربن بەرجەستە دەبێـت، بە مەبەستی پێگەیاندنی خۆیان، مرۆڤیك كە مێژوییەكی پڕ لە كەرامەت و ڕێز و كەسایەتیەكی بۆ خۆی بونیادناوە كە جێی شانازی خۆی و كەسانی هاوشێوەی خۆی بێت و هیچ كەس نەتوانێت نكۆڵی لێ بكات یان لێی بسەنێتەوە.

هۆكاری ئەوه‌ش  په‌یوه‌سته‌ به‌ سستمی پەروەردەیی حوکمڕانی كە به‌گشتی له‌ رۆژهه‌ڵاتدا بەرهەمهێنەری  كه‌لتورێكە پڕاو پڕە لە جیاكاری و جیاوازی و باڵادەستی و من و تۆیی ، مرۆڤگەلێك بەرهەم ده‌هێنێ كە  پڕاو پڕن لە گرێ و ئاڵۆزی دەروونی، دەرئەنجام ئه‌وانه‌ خۆیان بە گەورەتر و گرنگتر و جیاوازتر  ده‌بینن لە مرۆڤەكانی تر و دەیانەوێت لە ڕێی هەڵوێست و دەربڕینەكانیانەوە بەوانی تر بڵێن من منم و تۆ تۆیت! لە كاتێكدا بوونی ئەو ڕەفتار و دیدانە دژ بە بنەماكانی مافی مرۆڤە و دواتر ژینگەیەكی ناتەندروست دێنێتە ئاراوە كە ڕێز و بەها  ئەخلاقیی و بنەما مرۆییەكان دەخاتە ژێر پرسیارەوە، بۆیە ئەركی هەمووانە پێكەوە هەوڵی بەرجەستەبوونی ژینگەیەك بدەین كە بەها و ئاكارێك بهێنینە ئاراوە كە مرۆڤەكان وەكویەك بە ڕێز و كەرامەت و بەرز ڕوانین و ره‌فتاره‌وه‌ مامەڵە لەگەڵ یەكتریدا بكەن و دەروازەیەك نەمێنێتەوە بۆبچوكردنەوەی ئەویتر.