سه‌ره‌کی        په‌یوه‌ندی        ئه‌رشیف        لینک        زانیاری ماڵپه‌ڕ
   
وتاری هه‌ڤاڵ مسته‌فا چاوڕه‌ش - یادی چله‌ی شه‌هیدانی لیوای یه‌كی پاراستنی سلێمانی
دۆسیه‌ ‌
  قوباد تاڵەبانی: فیرعەون هەن لەم كوردستانە بەڵام جورئەتی روبەڕوبونەوەیانمان نەبوە
به‌روار: 10/12/2017


قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەت رایگەیاند لەسەر گەندەڵی هەندێك جار تا ئاستی بەڕێوەبەری گشتی دەستگیركراوە بەڵام فیرعەون هەن لەم كوردستانە جورئەتی روبەڕوبونەوەیانمان نەبوە.

ئاوێنە: قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم، ئەمرۆ(یەكشەممە) سەردانی “دەستەی دەستپاکی لەھەرێمی کوردستان”كرد و لەمیانی سەردانەكەیدا لەلێدوانێكیدا بۆ میدیاكانی یەكێتی پشتیوانی خۆی بۆ ئەو دەستەیە دەربڕی.

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا كە عێراق بەپێی پێوەری رێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی لە 177 وڵات، لەئاستی 167ەمین وڵاتدایە، واتە یەكێك لە هەرە خراپترین وڵاتەكانی جیهانە لە پرسی گەندەڵیدا.

وتیشی”ئاشكراشە كە عێراق داهاتێكی زۆری هەیە و لەهەمان كاتیشدا پارەیەكی زۆری لەبەردەستدا بو وەك یەدەگ كە 76 ملیار دۆلار بو، ئێستا كە سەیری دەكەیت نزیكەی 30 ملیار دۆلارە، واتە ساڵ لەدوای ساڵ ئەم پارەیە كەم دەبێتەوە و كەسیش نازانێت چی لێهاتوە”.

ئەوەشی خستەڕو كە لە كوردستانیش دیاردەی گەندەڵی هەیە بەڵام بەپێی پێوەری ئەو رێكخراوە نێودەوڵەتییە، دۆخی كوردستان لەدۆخی عێراق باشترە وتیشی”بەڵام هێشتا زۆر زۆر ماوە كە دەبێت ئەنجامی بدەین”.

وتیشی”دەستەی نەزاهە وەكو سەرە رمی ئیشەكە بوە بۆ چارەسەركردنی یان نەهێشتنی یان كەمكردنەوەی دیاردەی گەندەڵی بەڵام ئەوەش ئاشكرایە كە ئەم دەستەیە بەتەنیا پێی ناكرێت، ئاشكراشە كە حكومەت بەتەنیا پێی ناكرێت و پەرلەمانیش بەتەنیا پێی ناكرێت، هەروەها پارتێك یان پارتە سیاسییەكانیش بەتەنیا پێیان ناكرێت”.

جەختیشی كردەوە كە پرۆسەی روبەڕوبونەوەی گەندەڵی دەبێت بە دەستەجەمعی بكرێت.

بەپێویستیشی زانی بۆ نەهێشتنی گەندەڵی دوربكەونەوە لە میكانیزمە تەقلیدییەكانی پێشو كە جاری وا هەبوە بۆ چاودێریكردنی بابەتێك لیژنەیان پێكهێناوە بەڵام كەسێكی گەندەڵ كراوەتە سەرۆكی ئەو لیژنەیە.

ئاماژەی بەوەدا كە جاری وا هەبوە ئیشی باش و جدی كراوە بەڵام “سەیردەكەیت هاتوین یاریدەدەری بەڕێوەبەرێك دەستگیركراوە یان بەڕێوەبەری ناحیەیەك دەستگیركراوە یاخود بەڕێوەبەرێكی گشتی وەكو گەندەڵ ناسراوە و دەستگیركراوە، كەچی فیرعەون هەن لەم كوردستانە، زەوی داگیردەكەن، ڤێلا دروست دەكەن، بازرگانی دەكەن، قاچاخچێتی دەكەن، خەڵك دەكوژن، رۆژنامەنوس دەكوژن و هەزار و یەك كاری خراپ دەكەن، بەڵام ئەو جورئەتە نەبوە روبەڕویان بوەستینەوە”.

قوباد تاڵەبانی لەبارەی ئەو “گەندەڵانەوە” وتی”خۆشتان دەزانن ئەمانە كێن، رۆژانە هەر ئەو كەسانەن زیاتر لە هەمو كەسێكی تر لەسەر كەناڵەكانی تەلەفزیۆن باسی گەندەڵی دەكەن، خۆیان و كامل بۆیاخیان دێنە سەر تەلەفزیۆن، كۆبونەوە دەكەن و كۆڕ دەكەن باسی گەندەڵی دەكەن بەڵام خۆیان لەهەمو كەسێك گەندەڵترن، خۆیان و كۆمەڵە چەكدارێكیان لەخۆیان كۆكردۆتەوە سەرانە لە خەڵك وەردەگرن، پارە لە دوكاندار وەردەگرن، خەڵك تەهدید دەكەن و خەڵك ئیتیهام دەكەن”.

وتیشی”لەهەمان كاتیشدا كە لەكوردستان دەقەومێ، خۆیان بە پاڵەوان  دەناسێنن كە لەكوردستان دەقەومێ بەرەكەی جەنگ چۆڵ دەكەن، چەك و تەقەمەنییەكەیان بەجێدەهێڵن لە ساحەكەدا و بەترس و لەرزەوە رادەكەن، ئەو چەك و تەقەمەنییەش كە لەگەڵ خۆیان دەیبەنەوە دەچن لە بازاڕی قاچاخدا دەیفرۆشنەوە و كەچی دێنە سەر تەلەفزیۆن باسی گەندەڵی دەكەن”.

ئەو داوای لێبوردنیشی كرد كە وەكو حكومەت تا ئێستا نەیانتوانیوە بەتەواوەتی پشتیوانی دەستەی نەزاهە بكەن بۆئەوەی بە جورئەتەوە روبەڕوی فیرعەونەكان ببنەوە.