سه‌ره‌کی        په‌یوه‌ندی        ئه‌رشیف        لینک        زانیاری ماڵپه‌ڕ
   
وتاری هه‌ڤاڵ مسته‌فا چاوڕه‌ش - یادی چله‌ی شه‌هیدانی لیوای یه‌كی پاراستنی سلێمانی
دۆسیه‌ ‌
  له‌ رۆژهه‌ڵات كێشه‌كان قوڵتر بوونه‌وه‌
به‌روار: 29/11/2017


رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست ده‌ڤه‌ری‌ ئاین و مه‌زهه‌ب و نه‌ته‌وه‌ ناكۆكه‌كان. ئه‌گه‌رچی‌ به‌ حیساب مه‌ڵبه‌ندی‌ شارستانییه‌ته‌و له‌پێشینه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی‌ جیهان له‌م ناوچه‌یه‌ بووه‌. به‌ڵام هه‌میشه‌ شه‌ڕه‌ قورس و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌كان هه‌ر له‌م ناوچه‌یه‌ بووه‌. له‌ ناوبردنی‌ ئاین و نه‌ته‌وه‌كان هه‌ر له‌م ناوچه‌یه‌ بووه‌. به‌ر له‌ جه‌نگی‌ جیهانی‌ یه‌كه‌م هه‌تا راده‌یه‌كی‌ باش ئاشتی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و یه‌كتر قبوڵكردنی‌ سروشتی‌ له‌نێوان پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ و ئاینی‌ و مه‌زهه‌بییه‌كان هه‌بوو، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ته‌واوبوونی‌ جه‌نگ و گۆڕینی‌ شێوه‌و مۆدێلی‌ ده‌وڵه‌ت له‌ناوچه‌كه‌. بیری‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ شۆڤینی‌ سه‌ری هه‌ڵدا. له‌م دۆخه‌دا به‌دوو شێوه‌ پڕۆژه‌كه‌ خراپ شكایه‌وه‌. یه‌كه‌میان ئه‌و شێوه‌ ژیانه‌ ساده‌ و ساكار و یه‌كتر قبوڵكردنه‌ی‌ هه‌ڵته‌كاند، له‌ولاش ده‌وڵه‌تی‌ مه‌ده‌نی‌ و قانوون و سه‌روه‌ریی‌ یاسا سه‌ری‌ نه‌گرت وه‌ك وڵاتانی‌ ئه‌وروپا. به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌وانه‌ی‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ وڵاتیان كه‌وته‌ ده‌ست یه‌كسه‌ر كه‌وتنه‌ ده‌رپه‌ڕاندن و چه‌وسانه‌وه‌ و جینۆسایدكردنی‌ نه‌ته‌وه‌ و پێكهاته‌كانی‌ تری‌ كه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات هاوبه‌ش نه‌بوون. وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ به‌رامبه‌ر به‌ كورد و مه‌سیحی‌ و جوله‌كه‌ و شیعه‌ له‌ عیراق و سوننه‌ له‌ ئێران كرا، به‌ڵام له‌ دواین رووداوه‌كانی‌ كه‌ هاته‌ پێش له‌ ناوچه‌كه‌ ئه‌م كه‌لێنه‌ی‌ هێنده‌ی‌ تر گه‌وره‌تر كرده‌وه‌.
به‌هه‌مان شێوه‌ی‌ دروستبوونی‌ ده‌وڵه‌تی‌ عیراق له‌ ساڵی‌ 1920 چۆن سوننه‌ بووه‌ سه‌رده‌سته‌ و كورد و شیعه‌ی‌ چه‌وسانده‌وه‌، ئه‌مجاره‌ شیعه‌ له‌ ساڵی‌ 2003 بووه‌ سه‌رده‌سته‌ و سوننه‌ و كورد ده‌چه‌وسێنێته‌وه‌. هه‌روه‌ها ئه‌و پێكه‌وه‌ییه‌ی‌ له‌ سوریا و لوبنان و میسر هه‌بوو ئه‌ویش كه‌لێنی‌ زۆر گه‌وره‌ی‌ تێكه‌وتووه‌ و وابه‌ئاسانی‌ كه‌لێنه‌كه‌ پڕ نابێته‌وه‌. بۆیه‌ ئه‌وه‌ی‌ ده‌بینرێ‌ شه‌ڕ و ئاژاوه‌ كۆتایی‌ نایه‌ت. ئه‌گه‌رچی‌ له‌ئێستادا به‌زه‌بری‌ هێز داعش و گروپه‌ تیرۆریستییه‌كانی‌ تر كۆتاییان هاتووه‌ له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی‌ جوگرافیا، به‌ڵام برینی‌ قوڵی‌ له‌ جه‌سته‌ی‌ پێكهاته‌ی‌ سوننه‌ دروست كردووه‌. له‌ یه‌مه‌ن نێوانی‌ شیعه‌ و سوننه‌ خوێنی‌ زۆری‌ تێدا رژاوه‌. له‌ عیراق خه‌ریكه‌ نێوانی‌ شیعه‌ و كوردیش به‌م ئاراسته‌یه‌دا بڕوات. ئه‌وه‌ی‌ له‌ خورماتوو روویدا به‌ هه‌موو مانایه‌ك جینۆسایدكردنی‌ كورد بوو. بۆیه‌ وا به‌ئاسانی‌ به‌م شێوه‌ ته‌سه‌ڕوفه‌ی‌ ده‌وڵه‌تی‌ عیراقی‌ جارێكی‌ تر ئاشتی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ له‌م شاره‌ و ده‌وروبه‌ری‌ دروست نابێته‌وه‌.
كه‌واته‌ هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ ده‌بێ‌ چاوه‌ڕوانی‌ شه‌ڕ و پێكدادانی‌ تر بكه‌ین له‌ناوچه‌كه‌ بۆ راستكردنه‌وه‌ی‌ باڵانسی‌ تێكچووی‌ پێكهاته‌كان. ئه‌مه‌ش به‌دڵنیاییه‌وه‌ ده‌ستی‌ وڵاتانی‌ زلهێزی‌ ناوچه‌كه‌ی‌ تێدایه‌.
باشترین چاره‌سه‌ر بۆ دۆخی‌ ئه‌م ناوچه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ هێزێكی‌ نێونه‌ته‌وه‌یی‌ بێت سه‌رپه‌رشتی‌ ئه‌م ناوچه‌یه‌ بكات بۆ ماوه‌ی‌ زیاتر له‌ 25 ساڵ تاكو ئارام ده‌بێته‌وه‌ و كێشه‌كان قاڵبێكی‌ تازه‌ وه‌رده‌گرن.