سه‌ره‌کی        په‌یوه‌ندی        ئه‌رشیف        لینک        زانیاری ماڵپه‌ڕ
   
وتاری هه‌ڤاڵ مسته‌فا چاوڕه‌ش - یادی چله‌ی شه‌هیدانی لیوای یه‌كی پاراستنی سلێمانی
دۆسیه‌ ‌
  بـەرەو کـۆنـگـرە
به‌روار: 23/11/2017


ئاشکرایە کە یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەسەرەتای دامەزراندنی یەوە تائەمڕۆ , سەرجەم قۆناغەکانی خەباتی شۆڕشگێڕانەی شاخ و مەدەنییانەی دوای ڕاپەڕین وڕزگاری بەسەرکەوتوویی بەڕێکردوەو وەک لایەنێکی سیاسی کاریگەرو خاوەن پێگەی سەنگین بەپشتیوانی گەلی کورد بەگشتی و جەماوەرە لەبن نەھاتووەکەی وقارەمانانی ھێزی پێشمەرگە بەتایبەتی , پشت بەستوو بەچەمکەکانی دیموکراسی وحوکمڕانی دروست و پەرلەمانی , لەگەڵ پابەندبوون بەبنەماکانی پاراستنی مافی مرۆڤ وفراوانکردنی بازنەی ئازادییە بنەڕەتییەکان , لەچوارچێوەی فەراھەمکردن ودەستەبەرکردنی مافی ڕەوای گەلی کورد بۆ بەدەستھێنان وگەیشتن بەلوتکەی ئازادی یەکجارەکی وەک داڕێژەرو ئەندازیاری مافی ڕەوای چارەی خۆنووسین وچەندین چەمکی سەردەمییانەو مرۆییانە بەردەوام بەشداروھاوبەشی کاریگەری پرۆسەی بنیاتنانی سیاسی و کارەکتەری کاریگەری ئاوەدانکردنەوەی نیشتمان بووە , ھەربۆیە دریژەدان وبرەودان بەخەبات وبەردەوامبوون لەسەر ڕاگوزەری سیاسی (یەکێتی) مانەوەو بوژاندنەوەی وەک حزبێکی بەتوانا وکاریگەر , بۆ نێو پانتایی پان وبەرینی گۆڕەپانی سیاسی کوردستان لەپێناو سەرخستنی دۆزی ڕەوای گەلەکەمان , بەتایبەت لەم ساتە ھەستیارەی کەھەرێمەکەمانی پیا گوزەردەکات ئەرکێکی نەتەوەیی ونیشتمانی یەکێتی یەکانە .
ھاوکات لەگەڵ بەگەڕخستنی ھەوڵەکان بۆ مانەوەو پێویستی بەردەوامبون وبوژاندنەوەی یەکێتی و گەڕانەوەی بۆ ئاستی گەشەکردوی پێشووی , گرنگە بەلەبەرچاوگرتنی گۆڕانکارییە خێراییەسیاسی ومەدەنی , ئابوری , کۆمەڵایەتی و کلتوری یەکانی نێوکۆمەڵگای کوردەواری بەڕەچاوکردنی دۆخی نالەباری چەقبەستوی سیاسی کوردستان وعێراق بەشێوەیەکی گشتی وبەتایبەت لەدوای کۆچی دوایی جەنابی(مام جەلال) کە بۆ گەلی کوردو یەکێتی بەتایبەتی وبۆ عێراقیش بەگشتی چەتری کۆ کەرەوەو فاکتەری لێکنزیک کەرەوەی سەرجەم لایەن ونەتەوەو مەزھەبە ناکۆکان وسەمامی ئەمانی بوو , بەلاکەی دیکەشدا لەپاش قوڵبوونەوەی کێشە ناوخۆییەکانی نێوماڵی یەکێتی , بەڕەچاوکردنی پێگەی مێژوویی وشۆڕشگێڕی وجەماوەریی وەک ئومێدێک بۆ ئایندەی ھەرێم , باردۆخێکی وەھای خوڵقاندووە کەبەستنی کۆنگرەی کردۆتەوە پێویستی یەکی گرنگ تابەو ئومێدەی ببێتە کردنەوەی دەروازەیەک بەڕووی نوێبوونەوەو ڕێکخستنەوەی نێوماڵی یەکێتی وگەڕانەوەی ناوەندێتی لەبڕیاردان وچالاک کردنەوەی ڕایەڵەی ئۆرگانیی نێوان سەرکردایەتی وئەندامانی لەسەرجەم ئاستەکاندا , ھەروەک کۆنگرە ڕێ بۆ ھاتنە پێشەوەی کادری نوێی توێژی گەنجان لەھەردو ڕەگەزی کوڕان وکچان و ژنان وسەرجەم چینەکانی کۆمەڵگاو نەوەی شەھیدانی نیشتمان کەپێگەیشتوون وتێگەیشتوون , لەسەر بنەمای لێھاتوویی ئاستی بەرزی تواناو دڵسۆزی بۆ ناو ناوەندەکانی بڕیاری یەکێتی خۆش بکات , تا لەئایندەدا یەکێتی بە تێڕوانینێکی سەردەمییانەو داڕشتنەوەی پڕەنسیپ وبەھا ستراتیژ وتەکنیکە سیاسیەکەی لەئاستی ئیدارەدانی بارودۆخە نوێیەکانی ئێستاو پێشھاتە سیاسییەکانی داھاتودابێت .
ھەربۆیە زۆر گرنگە لە ڕوانگەی خەمخۆری ودڵسۆزیمان وھەستکردن بە بەرپرسیارێتی لەمەڕ ئەو دۆخەی کە بۆ یەکێتی ھاتۆتە پێش , بەپێویستی دەزانم ھەموو ئەندامانی یەکێتی دڵنیابکەمەوە , بەندە لەگەڵ ھەموو ھەنگاوێکدام کە بەکردار ونیازپاکی مایەی پێشخستن وبرەودان بێت بە یەکێتی , ھەموو پێکەوە بەکۆی نەوەی دێرین ونوێ بەپێی بنەمای ( یەکێتی نەکەسی لێ زیادەو نەکەسیشی لێ زیاد دەبێ ) بەو پەڕی بوێرییەوە بڕیارێکی چارەنوسساز بۆ داھاتووی یەکێتی بدەین ولەسەر بنەمای سەرکردایەتیەکی ھەڵبژێردراو لەتێکەڵەیەکی ھەڤاڵانی خاوەن ئەزموون وڕابردووی بەھەڵوێست وبوێرو بیرمەند , لەچوارچێوەی میکانیزمی ووردبونەوەو تاوتوێکردنی بڕیارو دەرئەنجامەکانی کۆنگرە . بەمەبەستی زێدەتر دامەزراوەکردنی یەکێتی یەکەمان ئامادەکاری بکەین بۆ کۆنگرەیەکی سەرکەوتووی دوور لەدەستێوەردان و ناتەندرووست وناشارستانی .

حاکم قادرحەمەجان
ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی
یەکێتی نیشتمانی کوردستان