بەرزان عوسمان وەك مامۆستاو شانۆكارو شاعیرو پێشمەرگە خزمەتی كردووە و گیانی خۆشی كردۆتە خەڵاتی رێگای رزگاری كوردستانو بەخوێنی گەشی خۆی داستانی سەروەری خۆی نوسیوەتەوە. شەهید بەرزان عوسمان ساڵی 1957 لەشاری سلێمانی لەدایك بووە. قۆناغەكانی خوێندنی سەرەتاییو ناوەندی لەسلێمانی تەواو كردووە. لەبەرئەوەی خولیای هونەری شانۆ بووە، بۆ خوێندن چۆتە پەیمانگای هونەرەكانی جوانەكانی بەغداو ساڵی 1980 بڕوانامەی لەبەشی شانۆدا بەدەستهێناوە. دواتر بووە بەمامۆستاو لە پێنجوێنو كارێزە خزمەتی بەخوێندكارانی كورد كردووە. شەهید بەرزان بێ لەهونەر،حەزی بەدنیای ئەدەب بەگشتیو شیعر بەتایبەتی كردووە. هێشتا خوێندكار بووە كە دەستی بەنوسینو هۆنینەوەی شیعر كردووەو بەرهەمەكانی لە گۆڤارەكانی بەیانو رۆژی كوردستان بڵاو كردۆتەوە.
مامۆستا بەرزان كەسێكی دڵسۆزو نیشتمانپەروەر بووەو سەرباری خزمەتی ئەدەبیو هونەریو پەروەردەیی، ویستویەتی لەرێی خەباتی سیاسیو پێشمەرگایەتیشەوە خزمەت بەگەلو نیشتمانەكەی بكات، بۆ ئەو مەبەستە ساڵی 1977 پەیوەندی بەرێكحستنەكانی كۆمەڵەی ماركسی- لینینی كوردستان( كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان)ەوە كردووەو ساڵی 1982 پەیوەندی بەهێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە كردووە، بەداخەوە لە18ی كانونی یەكەمی هەمان ساڵدا لەئۆردوگای كارێزە لەلایەن هێزێكی گەورەی رژێمی بەعسەوە گەمارۆ ئەدرێو ئەیانەوێ بەزیندوویی دەستگیری بكەن، بەڵام ئەو خۆی نادا بەدەستەوەو ئازایانە رووبەڕوویان ئەبێتەوەو تا دوا فیشەك شەڕیان لەگەڵ ئەكاتو دواتر شەهیدی ئەكەن. لەدوای شەهید بوونی شەهید بارزان، عوسمان شەیدای هاوڕێی لەمانگی ئایاری 1984 شیعرەكانی كۆكردەوەو لەدوو توێی نامیلكەیەكدا بەناوی (دایە شیعر قەدەغەیە) وەك زنجیرەی بڵاوكراوەكانی یەكێتیی نووسەرانی كوردستان چاپی كرد. ئەمساڵیش وەك وەفایەك بۆ ئەو پێشمەرگەو شاعیرە شەهیدە، نەوزاد عەلی ئەحمەد نوسەرو رۆژنامەنووسی دۆكۆمێنتار، شیعرەكانی شەهید بەرزانی بەهەمان ناوونیشان(دایە شیعر قەدەغەیە) ئامادە كردو بەچاپی گەیاندەوە، کە بابەکر دڕەیی پێشەکی بۆ نوسیوە و وەک ھاوڕێیەکی نزیکی تیشک ئەخاتە سەر ماجەرای شەھید بوونی ، ئەم کارە جێگەی ستایشو دەستخۆشییە. لەكۆتاییدا درود بۆ گیانی پاك و پیرۆزی شەهید بەرزان عوسمانی مامۆستاو شاعیرو هونەرمەندو پێشمەرگە.