سه‌ره‌کی        په‌یوه‌ندی        ئه‌رشیف        لینک        زانیاری ماڵپه‌ڕ
   
وتاری هه‌ڤاڵ مسته‌فا چاوڕه‌ش - یادی چله‌ی شه‌هیدانی لیوای یه‌كی پاراستنی سلێمانی
ئه‌ده‌بیاتی شۆڕش ‌
   فریای جەبارکەون
به‌روار: 10/10/2017

شەڕگەی قەیوان ماوەت ، هەر لە قەیوانەوە تادەگەیشتە زنجیرە چیاکەی نێوان هەر چوار گوندی دۆڵبێشکەکان و گوندی باناڵێ و لەوێشەوە بڕۆ بۆ بەرزاییەکانی چیای ( دۆڵان ) وەکو ( بالۆسە ، کونە ورچ ، داری ئەحمەد رۆمی ، برزوت ) . لەوپەڕی گەرموو گوڕیدابوو ، رۆژانەو شەوان لەژێر بۆردوومانی چەکی قورسی ئاسمانی و زەمینیدا ، هێرشی بەردەوامی جەیش و جاش ، دەکرانە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگەو بەردەوامیش تێکدەشکان .
ئێمەی تیپی سی و حەوتی شارباژێڕ لە بەرزاییەکانی چیای ( گوڵێ و سێکوچکان و بەرکێل ) ی سەروو ( ماوەت ) ەوە دوای بیست و دوو شەو و رۆژی پڕ هێرش وبەرەنگاربوونەوەی بەردەوام ، پاشەکشەمان کرد بۆ بەری سەفرەو زەرون و کەرتی یەکمان چوو بۆ بەرزاییەکانی وڵاغلو و کەرتی سێ بۆ گردەڕەش و کەرتی دوو بۆ گەماڵانی سەروو تیپ و کەرتی تیپیش لەسەرو بازاڕە جنجاڵیەکەی سەفرەوە جێگیربوو ، دووکان و بازاڕێکی جنجاڵی خێمە بەپاڵ خێمەوە لەشوێن گوندە راگواستراوەکەی ( سەفرە ) دەواریان لێهەڵدابوو ، بازاڕێکی جنجاڵی پڕ پڕ لە کاڵای هاوردەو هەناردەی سەر پشتی ئێسترو بارگیرو گوێدرێژ ، لەوێوە ئەمدیوو ئەودیوی سنوریان پێدەکرا . بازاڕێکی جنجاڵی هاتووچۆی کاروان و کڕیارو فرۆشیار . ئەوە سەرەڕای چەندین دوکانی قەساب و کەبابچی و چێشتخانەو چایخانەی ناوە ناوەش ، ئێمەی تیپی سی و حەوت کەهاتینە ئێرە ، ماڵی هەندێکیشمان لێرە مانەوە . وەکو ماڵی ( کاک بەکر فەتاح ، مامۆستا جمال ، جەلال شارەزووری ، شێخ تایەر پێنجوینی . سەید ئەحمەد ) . ماڵی ئێمەو شێخ تایەر پێنجوینی لەتەنیشت یەکەوەبووین ، بەداخەوە کەلەساڵی ( ۱۹۸۷ ) دا جەلال شارەزووری و شێخ تایەر لە شاناخسە شەهیدبوون .
رۆژی ( ۹ / ۱٠ / ۱۹۸٦ ) مام جەلال و کاک جبار فەرمان بۆ پێشنیوەڕۆکەی گەیشتنە سەفرە ، مام جلال لە بارەگای گومرگ لایداو کاک جەباریش لەبەر ئەوەی سەبیحە خانی هاوسەری لەگەڵبو هاتنە بارەگای تیپەکەی ئێمەو کاک جبار گوتی :
مام جەلال بەگەشتێکی کورتخایەنی دبلۆماسی دەچێتە ئێران و دوانیوەڕۆکەی بەڕێدەکەوین و بەڵام بێدەنگەی لێبکەن و مەفرەزەیەکی توندوتۆڵیش ئامادەبکەن . دوانیوەڕۆکەی ( سەبیحەخان ) مان بردە ماڵی ئێمەو خۆشمان لەگەڵ مامدا هەورازی چیای كێوەڕەشمان بە کۆڵەوەگرتو لەبەرپرسەکانی تیپەکەی ئێمە ، کاک بەکر فەتاح و کاک مجید حاجی عەلی و منی لەخزمەتدا رۆیشتین و ئەو سیانەمان لەپێشی هێزێکی پانزە کەسیەوە کە مام و کاک جەبار بەسواری و ئێمەش پیادە رێگا هەورازو پێچاوپێچەکەی چیامان بەکۆڵەوە گرت . هێندەمان نەمابو کە سواری شانی ترۆپکی چیاکەبین کە ئەو ئێسترەی کاک جەباری سوارببو ، ژێر تەنگەکەی شلببۆوەو کۆپانەکەی لەژێر کاک جەباردا ئەمدیوو ئەودیو لاردەبۆوە .
یەکێک لەپێشمەرگەکان ژێرتەنگەکەی توند دەکردەوە ، وابزانم زۆری توند دەکرد بۆیە ئێسترەکە جوتەیەکی هاویشت و کاک جەبار بەباری پشتەوەدا بەربۆوە ، لەو جووتە هاویشتنە ، ئێسترەکەی مامیش سڵەمیوەو بەلای خوارەوەدا مامی بەردایەوەو بەو تەلان و تڕتالەدا ، مام چەند مەترێک رۆیشتە خوارێ و ئێمەش بەپەلە خۆمان گەیاندێ ، بەڵام تا ئێمە گەیشتینە لای مام ئەو هەڵسابۆوەو خۆی دەتەکان و گۆچانەکەشی شکابو ، هەر کەگەیشتینە لای ویستمان دەستی بگرین . بەڵام رازینەبوو گوتی من هیچم نیە ، راکەن فریای جەبارکەون لەوانەیە ئەو ئازاری پێگەیشتبێ ، راکەن فریایکەون . ئیدی لەوێوە نەمام و نە کاک جەبار سوارنەبوونەوەو بەپیادەڕۆ سەرکەوتین و داگەڕاینە سەرچۆمی زێی بچووک و لەبوارەکەی نێوان گوندی گەماڵانی سەروو گەماڵانی خواروو پەڕینەوەو بەرەو گوندی ( زەردەکانی )رۆژهەڵاتی کوردوستان هەورازە زۆر کووڕەکەمان بڕێ . لەوێوە مام بەڕێکەوت و کاک جەباریش لەگەڵ ئێمەدا گەڕایەوەو کەشەو گەیشتینە ماڵی ئێمە مەلیحەی هاوسەرم و سەبیحەخانی هاوسەری کال جەبار ، بەدەم زرمبە زرمبی تۆپبارانی بەرەکانی شەڕەوە ، ترێیان بۆ ترشیات هەڵدەوەراند کە رۆژێک پێشتر برادەرانی تیپ لەرەزەکانی پشتی سەفرەوە هێنابوویان و بەسەر ماڵەکانیشدا بەخشیبوویانەوە .
لەوێ ، لەماڵێ ئێمەوە ، مەلیحەو سەبیحەخان ، لەوێ لەناو گڕو پێچی دۆزەخێکدا تەحەدای دووژمنیان دەکردو دەیانگوت :
بیهاوێژن ، هەرچیتان لە جبەخانەیدایە بیهاوێژن ، ئەوەتا ئێمە ترشیات بۆ رۆژی زەماوەندی ئازادی دروستدەکەین .

هەزار سەڵاو لەڕەوانی بەرزەفڕی مام ، مامی پێشمەرگە ، رابەر ، پێشەوا ، سیاسەتمەدار ، دبلۆماسکار ، نووسەرو هەوێنی ئاشتی و تەبایی و برایەتی .
رۆحی کاک جەبار فەرمانی سەرکردەی مەیدانی ریزەکانی پێشەوەی بەرەی شەڕ شاد .
رۆحی کاک مجیدی حاجی عەلی فەرماندی دلێرو بوێری درێژایی شۆڕشی نوێ شاد .
هەزاران هەزار سەڵاو لە رەوانی بەرزەفڕی شەهیدانی بزوتنەوەی کوردایەتی